نەتەوە یەکگرتوەکان: ململانێی ناوچەکە زیانی 194 ملیار دۆلار بەوڵاتانی عەرەبیی دەگەیەنێت

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 83 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنێکی نوێی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان وێنەیەکی تاریک بۆ ئاییندەی ئابووری ناوچەکە لەئاسۆدایە و هۆشداریی دەدات کە پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکان، بە تایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە ئێران و داخستنی گەرووی هورمز، کارەساتێکی گشتگیر دەخوڵقێنن
.

 بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، پەککەوتنی ئەم گەرووە کە %20ی وزەی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، بووەتە هۆی شۆکێکی پێکهاتەیی و بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی نەوت و تێچووی بازرگانی کە گەیشتووەتە 100 هێندە.

دەشڵێت: ئەم گرژییانە مەترسیی لەدەستدانی تەواوی گەشەی ئابووریی ساڵی 2025ی لێدەکرێت، بە شێوەیەک کە زیانە داراییەکان لە نێوان 120 بۆ 194 ملیار دۆلار دەبن، ئەمەش یەکسانە بە پاشەکشەی %3.7 بۆ %6.0 لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتانی عەرەبی.

جگە لەوەی لە ڕووی مرۆییەوە، ئەم جەنگە دەبێتە هۆی بێکاریی 3.6 ملیۆن کەس و زیادبوونی هەژاری، بەتایبەت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی عەرەبیی کە وڵاتانی عێراق، سووریا، لوبنان و ئوردن دەگرێتەوە، کە تێیدا زیاتر لە 3.30 ملیۆن کەسی دیکە دەکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە.

راپۆرتەکە پێیوایە کە جەنگەکە تەنها کەرتی وزەی پەک نەخستووە، بەڵکو کەرتی گەشتیاری و فڕۆکەوانیشی دووچاری داڕمان کردووە و فشارێکی گەورەی خستۆتە سەر دراوە ناوخۆییەکان.

نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت دەکاتەوە کە ئەم قەیرانە نەک هەر دەستکەوتە گەشەپێدانییەکانی ساڵانی ڕابردوو لەناو دەبات، بەڵکو سەقامگیریی نەختینەیی و ئاسایشی خۆراکیش دەخاتە مەترسییەکی بێوێنەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوەدەکات کە ئەم دۆخە وا دەخوازێت وڵاتانی ناوچەکە بە پەلە ستراتیژیی ئابووریی خۆیان بگۆڕن و پشت بە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات ببەستن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم شۆکە گەورانە.