هەڕەشە لەئابوری جیهان دەكرێت.. كەرتەكانی وزەو بازرگانی و دارایی لەلێواری داڕماندان

ئابوری

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 164 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، شەڕی بەردەوامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییەکی قورسی کردوەتە سەر کەرتەکانی وزە، بازرگانی، دابینکردن و بازاڕە داراییەکان، ئەمەش بوەتە بارێکی گەورە بەسەر ئابوری جیهانەوەو دەشڵێت، هەر یكە لەو كەرتانە لەلێواری دارمانێكی مەترسیداردان".


سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم ململانێیە شۆکێکی جیهانییە بەڵام نایەکسانە و بەپلەی یەکەم لەسێ ڕێگەی سەرەکییەوە کاردەکاتە سەر جیهان ئەوانیش  نرخی وزە،  بازرگانی نێودەوڵەتی، بارودۆخی دارایی.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداریدا کە پەککەوتنی دابینکردنی وزە مەترسیدارترین لایەنی ئەم قەیرانەیە، هەروەها گۆڕینی ڕێڕەوی کەشتییە بارهەڵگرەکان بوەتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچوی گواستنەوەو دڵنیایی، لەگەڵ درێژبونەوەی کاتی گەیشتنی کاڵاکان، پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکانیش لەناوەندە سەرەکییەکانی کەنداو زیانی بەبازرگانی گشتی گەیاندووە.

لەبەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتوە، بەهۆی تێکچونی گواستنەوەی پەینە کشتوکاڵییەکان کە سێیەکیان بەگەروی هورمزدا تێپەڕ دەبن، مەترسییەکی زۆر لەسەر بەرزبونەوەی نرخی خۆراک دروست بوە، هەروەها هۆشداریدا لەبەرزبونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لەئاستی جیهان و لاوازبونی گەشەی ئابوری، چونکە قەبارەی ئەم زیانانە بەندە بەماوەی بەردەوامی و توندی ململانێکانەوە.