هه‌واڵگریى ئه‌مریكا زانیاریه‌كى نوێ له‌باره‌ى ڕژێمى ئێرانه‌وه‌ ئاشكراده‌كات

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8367 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەواڵگریی ئەمریکا نوێترین هەڵسەنگاندنی خۆى بۆ ڕژێمى ئێران ئاشكراكردوه‌و ڕایگه‌یاندوه‌، هیچ ئاماژەیەکی هەرەسهێنانی لێدەرنەکەوتوەو سەرکردە نوێکان توندڕەوترن.


هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا جەخت لەوەدەکەنەوە، هیچ نیشانەیەک نییە بۆ لەدەستدانی کۆنترۆڵی ڕژێمی ئێران بەسەر دەسەڵاتدا، یان دورکەوتنەوەی جێنشینانی سەرکردە کوژراوەکان لەئایدیۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی.

ئەمریکاو ئیسرائیل دەڵێن لەسەرەتای هەڵمەتە سەربازییەکەیان دژی ئێران لە28ی شوباتەوە، چەندین کەسایەتیی دیاریان کوشتوە، کە عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشوو، عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، محەمەد باقر قالیباف فەرماندەی سوپای پاسداران‌و وەزیرانی هەواڵگریی‌و بەرگریی لەنێویاندایە.

بەڵام بەگوێرەی بەرپرسانی ڕۆژئاوا، ڕژێمەکە هیچ نیشانەیەکی هەرەسهێنانی پێوە دیارنییەو ئەوکەسانەی شوێنی سەرکردەكانى پێشویان گرتوه‌تەوە، توندڕەون یان لەوان توندترن.

کەریم سجادپور لەدامەزراوەی کارنیگی دەڵێت، "سەرکردە نوێیەکان پابەندی بنەماکانی شۆڕشی 1979ن‌و بەهۆی نەبونی شەرعییەتەوە بەدڕندەیی زیاترەوە فەرمانڕەوایی دەکەن".

هەروەک سیامەک نەمایزی ئاماژە بەوەدەکات، بەهۆی کوژرانی زۆری بڕیارەدەدەران، پێشبینیکردنی جوڵەکانی ڕژێم قورستر بوە.

شارەزایانیش دەڵێن، سوپای پاسداران هێشتا بەتوندی دەسەڵاتی بەدەستەوەیەو پێگەی ئابوریی‌و سیاسیی زیاتر بوە.

لە18ی ئادارى ئه‌مساڵدا، تولسی گابارد بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئه‌مریكا ڕایگەیاند، هەرچەندە ڕژێمی ئێران بەهۆی هێرشەکانەوە لاواز بوە، بەڵام هێشتا بەسەقامگیریی ماوەتەوە.