شارپرێس:
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی ئەمڕۆ پێنجشەممە وردەکاریی پلانێکی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکای ئاشکراکردوە، پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ کراوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپهراسیۆنێکی زەمینی بێوێنە لەناوخۆی ئێراندا.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم پلانە کە لەسەر داوای خودی ترەمپ ئامادەکراوە، ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەیە کە لەژێر دامەزراوە ئەتۆمییە تێکشکاوەکاندایە، بەتایبەت لەناوچەی ئەسفەهان کە پێشتر بۆردومانکراوە.
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە، پرۆسەکە بەدابەزینی هێزە کۆماندۆکان دەستپێدەکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکەو دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی کاتیی، پاشان ئامێری هەڵکەندنی قورس دەبرێتە ئەوێ بۆ گەیشتن بەیۆرانیۆمەکە.
پلانەکە ئەوەش لەخۆدەگرێت کە فڕۆکەخانەیەکی گەورە لەناوجەرگەی ئێراندا دروستبکرێت تاوەکو فڕۆکە زەبەلاحە بارهەڵگرە سەربازییەکان بتوانن بنیشنەوەو یۆرانیۆمە دەرهێنراوەکەو هێزەکان بگوازنەوە.
ئەم پێشنیازە لەلایەن تیمە نزیکەکانی ترەمپ لەئیسرائیلەوە هاندراوە وەک نیشاندانی هێزێک بۆ گەلی ئەمریکا لەپێش هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان.
هەرچەندە پێشبینیدەکرێت ئەمکارە ببێتە هۆی پێکدادانی ڕاستەوخۆو کوژرانی سەربازانی ئەمریکی، چونکە هێزەکانی ئێران بەتوندی بەرگریی دەکەن، بەڵام هێشتا ترەمپ بڕیاری کۆتایی لەسەر جێبەجێکردنی نەداوە.
ڕۆژنامەکە ئەم هەنگاوە بەسەختترینو بێوێنەترین ئۆپهراسیۆنی سەربازیی لەمێژودا ناودەبات.
