داهاتی نەوتیی عێراق بەڕێژەی 72% کەمیکردوە

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 73 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاردا بە ڕێژەی 72% کەمی کردووە و تەنها گەیشتۆتە 1.9 ملیار دۆلار، ئەمەش بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران کە بۆتە هۆی داخستنی کردەیی گەرووی هورمز.

بەپێی وتەی عەلی نزار شە تری، بەڕێوەبەری گشتیی "سۆمۆ"، هەناردەی مانگی ڕابردوو بۆ 18 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە، لە کاتێکدا پێشتر داهاتی مانگانە زیاتر لە 6.8 ملیار دۆلار بووە.

بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم دابەزینە، عێراق پلانێکی نوێی بۆ بەکارهێنانی ڕێگە وشکانییەکان گرتووەتە بەر، لەوانە گواستنەوەی نەوت بە تانکەر لە ڕێگەی سووریا و ئوردنەوە بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا کە تینووی نەوتی کەرکوکن.

 هەروەک بڕیارە لە چوار ڕۆژی داهاتوودا بۆری نەوتی عێراق-تورکیا کارا بکرێتەوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی باکوور و باشوور.

 عێراق هەوڵ دەدات سوود لە بەرزبوونەوەی نرخەکان وەربگرێت و جگە لە نەوتی خاو، بەرهەمە زیادەکانی وەک نەوتی ڕەش و نافتاش بنێرێتە دەرەوە.

 ئەم هەنگاوانە وەک ستراتیژێک بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کەنداو و هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن ئەژمار دەکرێن، تاوەکو لە کاتی ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکاندا ئابووریی وڵات پارێزراو بێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی