شارپرێس:
لەژێر دروشمێکی ئایینیو لەمەراسیمێکی فەرمیدا کە بۆ چلەی مەرگی ڕێبەری باڵای ئێران لەقەزای (چەباییش)و ناحیەی (تار) دوێنێ ڕێکخرابوو، کەس چاوەڕوانی ئەوەنەبوو کۆتایییەکەی بەدەنگی فیشەکو هاواری ناڕەزایەتی كۆتایی بێت.
هێشتا گوتارەکان لەسەر مینبەر تەواو نەببون، کاتێک کاروانی ئۆتۆمبێلە جام ڕەشەکانی هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، گەیشتنە شوێنی مەراسیمەکە، ئەم ئامادەبونە لهناكاوه کە لەلیستی میوانە فەرمییەکاندا نەبوو، وەک بڵێی پریشکێک بوو بۆ بەرمیلە باروتێکی کۆن، شێخانی عەشیرەتی (ئال جەویبەر)و چەند هۆزێکی دیكهى ناوچەکە کە خۆیان بەخاوەن ماڵ دەزانی، نەک هەر پێشوازییان لێنەکرد، بەڵکو بەتوندی دژی ئامادەبونی وەستانەوە.
ئەو دیمەنانەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە، تەنها گوزارشت لەکێشەیەکی سادە ناکەن؛ دەنگی تەقەی چڕ، ڕاکردنو كێشهیهكى گەورە لەدەوروبەری ئۆتۆمبێلەکەی هادى عامری بینرا، پاسەوانەکان بەپەلە هەوڵی پاراستنی سەرۆکەکەیان دەدا لەناو جەرگەی توڕەیی خەڵکێک کە پێیانوابوو سەپاندنی ئیرادەی سیاسیی لەمەراسیمێکی کۆمەڵایەتیدا جێگەی قبوڵ نییە.
لەکاتێکدا نوسینگەی عامری هەوڵدەدات ڕوداوەکە وەک هێرشی کۆمەڵێک گەنجی توندڕەو وێنا بکات، بەڵام دەنگی شێخەکان لەناوچەکە بەرزترە؛ ئەوان دەڵێن زیقار چیتر شوێنی نمایشە سیاسییەکان نییە کە بێ ڕەزامەندی خەڵکەکەی ئەنجامبدرێت.
ئەو ڕوداوە تەنها پێکدادانێکی چەکداریی نەبوو، بەڵکو وێنەیەکی ڕونیی ئەو درزە گەورەیە بوو کە لەنێوان شەقامی باشوری عێراقو دەسەڵاتە سیاسییەکاندا دروستبوە، فیشەکەکان کە لەناحیەی تار تەقێنران، تەنها هەوایان نەبڕی، بەڵکو پەیامێکی توندبون بۆ هەمولایەک کە نەخشەی سیاسی لەزیقار، تەنها لەسەر کاغەزەکان نانوسرێتەوە.
عەشیرەتی ئال جەویبەر یەکێکە لەهۆزە دێرینو بەناوبانگەکانی پارێزگای زیقار، بەتایبەتی لەقەزای چەبایشو ناحیەی تار.
بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی دەستکەوتون، ئەو مەراسیمە تەنها چالاکییەکی عەشایەری نەبوە، بەڵکو ڕەهەندێکی دیپلۆماسیو سیاسیی نێودەوڵەتیشى هەبوە، چونكه باڵیۆزی ئێران لەو مەراسیمەدا کە بۆ یادکردنەوەی چلەی مەرگی عەلی خامنەیی ڕێکخرابوو بهشداریكردوهو چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بەوەدەکەن، تەنانەت بەر لەدروستبونی پشێوییەکە، هۆزەکانی ناوچەکە بەچەکەوە لەبەردەم باڵیۆزهكهى ئێراندا نمایشی سەربازییان کردوە، هاوكات نوێنەری حوسییەکان (ئەنساروڵڵا)ش بهشداریكردوه، ئەمەش نیشانەی بایەخی چالاکییەکەیە بۆ بەرەی مقاوهمه لەناوچەکەدا.
باڵیۆزى ئێرانو نوێنهرى حوسیهكانى یهمهن لهعێراق
ئامادەبونی ئەو کەسایەتییە دیپلۆماسییە بیانییانە وایکردوە کە هەستیارییەکە بەرامبەر هاتنی هادی عامری زیاتربێت؛ چونکە هەندێک لەسەرۆک هۆزەکانو گەنجانی ناوچەکە پێیانوابوە، ئەمە هەوڵێکە بۆ نیشاندانی دەسەڵاتی سیاسییو دەرەکی لەناوجەرگەی ناوچە عەشایەرییەکانی باشوردا کە لەئێستادا بەدەست فەرامۆشکردنو هەژارییەوە دەناڵێنن.