شارپرێس:
لەکاتێکدا چاوەکان لەسەر هۆڵی پەرلەمانی عێراقن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، شاری بەغدا شایەدی کۆبونەوەیەکی سیاسیی چارەنووسسازە لەنێوان هەردوو جەمسەرە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان پارتیو یەکێتیی، بەئامانجی دەربازکردنی پڕۆسە سیاسییەکە لەبنبەست.
بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس کەوتون، لەئێستادا وهفدێكى باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانیو قوباد تاڵەبانی، لەماڵی د. فوئاد حوسێن لەگەڵ وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکۆبونەوەدایە، ئەو کۆبونەوەیە لەکاتێکی هەستیاردایەو وەک دوایین هەوڵی یەکێتیی دەبینرێت بۆ ڕازیکردنی پارتی تا وەک لایەنێکی کاریگەری کوردستان، بەشداری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بکاتو بایکۆتی پڕۆسەکە بشکێنێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو پەرلەمانی عێراقەوە بۆ شارپرێس جەختیکردەوە، کەشوهەواکە بەرەو یەکلابوونەوە دەچێت، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد، "پشتبەست بەو بەڵێنو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کراون، پێشبینیدەکرێت نیسابی یاسایی پەرلەمانتاران تەواوبێت".
هەمان سەرچاوە گەشبینی خۆی نیشاندا کە کاندیدی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بتوانێت دەنگی پێویستی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێتو وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەڵبژێردرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێشتا گفتوگۆکان لەگەڵ پارتی بەردەوامن بۆ ئەوەی کورد بەیەکدەنگییو بەبێ بایکۆت بچێتە ناو هۆڵی پەرلەمان.
ئەم کۆبونەوەیەی ماڵی فوئاد حوسێن، دەکرێت ببێتە وەرچەرخانێکی گەورە لەنەخشەی سیاسیی عێراقو چارەنوسی پۆستی سەرۆک کۆمار لەچەند کاتژمێری داهاتودا یەکلایی بکاتەوە.
