شارپرێس:
لەکاتێکدا مێزی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لەنێوان واشنتۆنو تاراندا گەرمەو هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بەردەوامن، ئەمریکا بەناردنی گەورەترین كهشتیگهلێكى فڕۆکەو هێزی سهربازیى، زمانی ئاگرو ئاسنی تێکەڵ بەزمانی گفتوگۆ کردوە، ئەم جوڵە سەربازییە ستراتیژییەی کۆشکی سپی پەیامێکی پۆڵایینە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان؛ کە واشنتۆن لەپشتی پەردەی دیپلۆماسییەوە، پەنجەی لەسەر پەلەپیتکەی گەورەترین هێزی وێرانکەری جیهانەو ئامادەنییە هیچ سازشێک لەسەر هاوسەنگیی هێز لەناوچەکەدا بکات.
جوڵەی "جۆرج بوش" لەئۆقیانوسەوە
بهگوێرهى زانیارییەکانی ڕۆژنامهى وۆڵ ستریت جورناڵ-ى ئهمریكى، كهشتى فڕۆکەههڵگرى (جۆرج ئێچ دەبلیو بوش) لەگەڵ کەشتییە جەنگییەکانی هاوەڵی، لەئێستادا ئاوەکانی ئۆقیانوسی ئەتڵەسی دەبڕنو بەئاراستەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستو کەنداو لەڕێگهدان، ئەم كهشتیه کە وەک شارێکی گەڕۆک لەسەر ئاو وەسفدەکرێت، توانای هەڵگرتنی دەیان فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوی هەیەو پەیامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ هەر لایەنێک کە بیەوێت هاوسەنگیی هێز بگۆڕێت.
هێزی "هەڵۆ گۆشتخۆرەکان" دێنە خوارەوە
لەلایەکی دیكهشهوه، بڕیاری ناردنی دوو ههزار سەرباز لەتیمی 82ی پهرهشوت کە بەیەکێک لەبەهێزترینو خێراترین هێزەکانی دەستوەردانی ئەمریکا دادەنرێت، نیشانەی ئەوەیە کە واشنتۆن خۆی بۆ هەموو ئەگەرێکی زەمینی ئامادەکردوە، ئەم هێزانە بەوە ناسراون کە لەکەمتر لە 18 کاتژمێردا دەتوانن لەهەر شوێنێکی جیهان جێگیربنو ئەرکی شەڕی ڕاستەوخۆ بگرنە ئەستۆ.
پەیامی پشت جوڵەکان
ئەم هێزە نوێیە تەنها ژمارە نین، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ستراتیژییە، واشنتۆن دەیەوێت بەم نیشاندانی ماسولکەیە، ڕێگریی لەهەر هێرشێکی نوێ بکاتو پارێزگاریی لەبەرژەوەندییەکانیو هاوپەیمانەکانی بکات لەکاتێکدا ناوچەکە لەسەر لێواری تەقینەوەیەکی گەورەدایە.
ئەم جوڵە سەربازییە گەورەیەی واشنتۆن، تەنها گۆڕینی شوێنی کەشتیو سەربازەکان نییە، بەڵکو کێشانی هێڵێکی سوری پۆڵایینە لەسەر نەخشەی ناوچەکە، ناردنی كهشتیی فڕۆکەههڵگرى جۆرج بوشو داگیرساندنی بزوێنەری فڕۆکە جەنگییەکان، لەگەڵ ئامادەباشی تەواوی هێزە پهرهشوتوانهكان، ئاماژەیەکی ڕونن بۆ ئەوەی کە بژاردەی دیپلۆماسی جێگەی خۆی بۆ زمانی ئاگرو ئاسن چۆڵکردوە، ئێستا جیهان چاوەڕێی ساتەوەختێک دەکات کە تێیدا بێدەنگیی دەریا دەبێتە گەواهدەری گەورەترین ڕوبەڕوبونەوە، یان پاشەکشەیەکی بێدەنگ کە مێژوی ناوچەکە بۆ هەمیشە دەگۆڕێت.
