شارپرێس:
لەجیهانی سیاسەتو دیپلۆماسیدا، هەندێکجار بێدەنگی لەهەزاران وتار بەهێزترەو جیاوازیی ڕەنگی پۆشاکێک دەتوانێت نەخشەی هاوپەیمانێتییەکان بگۆڕێت، ئەمە ڕێک ئەو وێنەیە بوو کە ژەنەڕاڵ عاسیم مونیر سەرۆکی ئەرکانی سوپای پاکستان، پێشکەشی جیهانی کرد؛ کاتێک لەدوو دیداری جیاوازدا، دوو پەیامی دژبەیەکو پڕ لەماناى ئاڕاستەی تارانو واشنتۆن کرد.
جلی سەربازيی بۆ تاران.. پەیامی قەڵغانو ئامادەباشی
کاتێک ژەنەڕاڵ مونیر بەجلوبهرگى تەواوی سەربازییەوە پێشوازیی لەوهفدى کۆماری ئیسلامی ئێران کرد، ئەمە تەنها ڕێوڕەسمێکی فەرمی نەبوو، لەفەرهەنگی سەربازیی پاکستاندا، پۆشینی جلی سەربازی لەبری جلی مەدەنی لەدیدارە دیپلۆماسییەکاندا، ئاماژەیەکی ڕونە بۆ دۆخی ئەرکو ئامادەباشی.
چاودێران پێیانوایە، ئەمە پەیامێکی ناڕاستەوخۆ بەڵام توندبوو بۆ ئیسرائیلو نەیارانی ئێران ئهویش، "پاکستان لەڕوی سەربازییەوە پارێزەری سەقامگیریی ناوچەکەو هاوپەیمانێتییە نوێیەکەیەتی لەگەڵ دراوسێیەکەی"، ئەمە جەختکردنەوەبوو لەوەی کە "سوپا" گەرەنتی مانەوەی ئەم پەیوەندییە ستراتیژییە دەکات.
قاتو بۆینباخ بۆ واشنتۆن... دیپلۆماسییەتی ساردو هاوسەنگیی
لەبەرامبەردا، دەرکەوتنی ژەنەڕاڵ بەجلی مەدەنی (قاتو بۆینباخ) لەکاتی پێشوازیکردن لەوهفده ئەمریکییەکان، گوزارشت بوو لەجۆرێک لەدورکەوتنەوەی سەربازیی، ئەم پۆشاکە پەیامێکی دیپلۆماسی بوو بۆ ئەمریکا کە "پاکستان چیتر تەنها وەک کەرەستەیەکی سەربازیی لەدەستی ئێوەدا نییە".
ژەنەڕاڵ ویستی نیشانی بدات کە پەیوەندیی لەگەڵ واشنتۆن لەچوارچێوەیەکی دیپلۆماسیی ئاساییدایە، نەک هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی بێ مەرج کە دژی دراوسێیەکانی بەکاربهێنرێت.
تویتەکەی خواجە ئاسف.. مۆری سەروەریی
ئەم تابلۆ دیپلۆماسییە بەقسە ڕاشکاوەکانی خواجە ئاسف وەزیری بەرگریی پاکستان، تەواوبوو، ئاسف بەئاماژەدان بەوەی کە "پاکستان سەروەریی خۆی ناخاتە خزمەت بەرژەوەندیی هیچ وڵاتێکی دیكه دژی دراوسێیەکانی"، هێڵە سورەکانی ئیسلام ئابادی کێشا، ئەم هەڵوێستە کۆتایی بەو سەردەمە هێنا کە تێیدا پاکستان وەک گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانی ئەمریکا دەبینرا.
ئەم دوو وێنەیە، گێڕانەوەی چیرۆکی "پاکستانێکی نوێ"ن؛ وڵاتێک کە هەوڵدەدات لەنێوان جەمسەرە دژبەیەکەکاندا هاوسەنگییەکی ورد ڕابگرێت، ژەنەڕاڵ عاسیم مونیر بەزمانێکی بێدەنگ، بەڵام کاریگەر، وتی، "جلوبەرگی ئێمە، ڕەنگی سیاسەتمانە".
