گرنگترین ئەو زانیارییانەی لەبارەی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لەنێوان ئێران‌و ئەمریکا دەبێت بیزانی

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 918 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جیهان ئێستا چاوی بڕیوەتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، کە بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ببێتە مەڵبەندی میوانداریکردنی دانوستانە چارەنوسسازەکانی نێوان تاران‌و واشنتۆن بەمەبەستی گەیشتن بەڕێککەوتنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی.


ئەم جوڵە دیپلۆماسییە دوای ئەوەدێت کە لەئێوارەی چوارشەممەی ڕابردوەوە ئاگربەستێکی کاتیی بۆ ماوەی دوو هەفتە چوه‌تە بواری جێبەجێکردنەوە کە بەهۆیەوە ئەو شەڕە وەستا کە 40 ڕۆژی خایاندو لە 28ی شوباتی ڕابردودا بەهۆی هێرشێکی بەرفراوانی ئەمریکی‌و ئیسرائیلی بۆسەر تاران دەستیپێکردبوو.

سەبارەت بەوه‌فده‌ بەشداربوەکان، تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەرۆکایەتیی وه‌فدى وڵاتەکەی دەکات‌و هەریەکە لەعەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەو ئەمینداری ئەنجومەنی بەرگریی‌و سەرۆکی بانکی ناوەندیی‌و لیژنە ئەمنیی‌و سەربازیی‌و ئابورییەکان یاوەریی دەکەن.

لەبەرامبەردا، جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی ئاشکرایکرد، دۆناڵد ترەمپ جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک‌و ستیڤ ویتکۆف نێردەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و جارید کوشنەری زاوای ڕاسپاردوە بۆ بەڕێوەبردنی دانوستانەکان، لەگەڵ تیمی پشتیوانی لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی‌و وەزارەتەکانی دەرەوەو جەنگ.

دۆناڵد ترەمپ پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان پەیامێکی توندی ئاڕاستەی تاران کردو ڕایگەیاند، ئێران هیچ کارتێکی بەهێزی بۆ فشار نییە تەنها کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی دەریاوانی لەگەروی هورمز نەبێت.
 
ترەمپ هۆشداریدا کە ئەگەر دانوستانەکان شکستیانهێنا، هێرشی نوێ‌و توندتر دەکەنەسەر ئێران، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا کەشتییەکانیان بەباشترین چەک‌و تەقەمەنی بارکراون.

جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکیش وتی، ئەوان هەوڵدەدەن دانوستانێکی ئەرێنیی بکەن، بەڵام ئەگەر ئێرانییەکان بیانوو بهێننەوە، تیمە ئەمریکییەکە بەو شێوەیە پێشوازییان لێناکات.

لەلایەکی دیكه‌وه‌، محەمەد باقر قالیباف مەرجی پێشوەختەی بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان داناوە، ئەویش ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلوبنان‌و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێرانە.

قالیباف جەختیکردەوە، پێویستە ئەم دوو کارە پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان جێبەجێبکرێن.

هاوکات ئیسرائیل ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەگەری شکستی دانوستانەکان‌و بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاندوە، ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی، ناچاردەبن دوبارە هێرشبکەنەوەسەر ئێران.

شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان-یش، ئەم دانوستانانە بەدەرفەتێکی زێڕین بۆ ئاشتی ناو دەبات‌و جەختیکردەوە، وڵاتەکەی بەهۆی پەیوەندییە مێژویی‌و ئاینی‌و سیاسییەکانی لەگەڵ هەردولادا، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت.

سەبارەت بەمیتۆدی گفتوگۆکانیش، چاوەڕواندەکرێت هاوشێوەی خولەکانی پێشوی عومان بێت، بەجۆرێک کە وه‌فده‌كات لەژوری جیاوازدا دەبن‌و نێوەندگیرە پاکستانییەکان پێشنیازەکان دەگوازنەوە.

خاڵە ناکۆکەکان هێشتا زۆرن؛ ئەمریکا جەخت لەسەر پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراوو کردنەوەی گەروی هورمزو ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانی دەکاتەوە، لەبەرامبەردا ئێران پلانێکی 10 خاڵی پێشکەشکردوە کە تێیدا داوای کۆنترۆڵکردنی گەروی هورمزو وەرگرتنی باج لەکەشتییەکان‌و هەڵگرتنی هەموو سزاکان دەکات.

هەروەها مشتومڕێکی زۆر لەسەر پرسی لوبنان هەیە، چونکە ئێران دەڵێت، ئاگربەستەکە لوبنانیش دەگرێتەوە، بەڵام ئەمریکاو ئیسرائیل ئەوە ڕەتدەکەنەوەو باس لەدانوستانی جیاواز لەگەڵ حکومەتی لوبنان دەکەن.

لەئێستادا ئیسلام ئاباد لەژێر ڕێکاری ئەمنی تونددایەو شارەکە بەتەواوی بۆ میوانداریکردنی ئەو ڕوداوە جیهانییە ئامادەکراوە.

بەپەلە