شارپرێس:
لەهەفتەیەکدا کە بەهەفتەی هەژانەکان وەسفدەکرێت، بازاڕی وزە گەورەترین دابەزینی هەفتانەی خۆی لەدوای مانگی حوزەیرانی 2025وە تۆمارکرد، سەرەڕای ئەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت لەدەوروبەری 100 دۆلاردا جێگیربوە، بەڵام تەنها لەحەوت ڕۆژدا نرخەکان بەڕێژەی 12٪ دابهزینى بهخۆوه بینیوه، ئەمەش نیشانەیەکە بۆ ململانێیەکی توند لەنێوان مەترسییەکانی دابینکردنو ترسی سستبونی ئابوریی.
لەکاتێکدا نەوتی خاوی ئەمریکی لەدەوروبەری 98.5 دۆلارو برێنت-یش له96.8 دۆلاردا مامەڵەیان پێوەدەکرێت، گەروی هورمز وەک ناوەندی کێشەکە ماوەتەوە، سەرەڕای هەبونی ساردبونهوهیهكى كاتیى گرژییهكان لەنێوان ئەمریکاو ئێران، بەڵام کۆتوبەندەکان لەسەر هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانو کەمبونەوەی بەرهەمهێنان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وایکردوە بازاڕ لەژێر گوشارێکی دەرونیی قورسدا بێت.
ئەم دابەزینە خێرایە لەکاتێکدایە کە ترسی ئەوە هەیه نرخی نەوت ئاستی 120 دۆلار ببەزێنێت، بەڵام ئێستا وەبەرهێنەران لەنێوان دوو بەرداشدان، یهكهمیان فاکتەری دابەزین، جێبەجێکردنی گرێبەستەکانو ترسی کەمبونەوەی خواست، دوهمیش فاکتەری پاڵپشتیی، گرژییەکانی گەروی هورمز کە ڕێگرە لەوەی نرخەکان لەوە زیاتر دابەزن.
شارەزایان پێیانوایە، بازاڕی نەوت ئێستا لەسەر هێڵى بێ متمانەیی دەڕوات؛ هەر لادانێک لەئاگربهسته كاتییه سیاسییەکان یان توندبونی گەمارۆکانی سەر هورمز، دەکرێت جارێکی دیكه نرخەکان بۆ سەروی 100 دۆلار ڕاپێچ بکاتەوە، یان بەپێچەوانەوە، بەردەوامی ئەم دۆخە نرخەکان بەرەو نزمترین ئاستی ساڵانە ببات.
