شارپرێس:
لەکاتێکدا کورسیی سەرۆک کۆماری عێراق جارێکی دیکە بۆ سەوزپۆشەکان یەکلابوەوە، بافڵ تاڵەبانی بەزمانێکی نەرمو پڕ لەپەیامی دڵدانەوە هاتەدەنگ، ئەو نەک هەر سەرکەوتنی کاندیدەکەی حزبەکەی ڕاگەیاند، بەڵکو شکۆی ڕکابەرە دێرینەکەشی پاراستو دهرنهچونى د. فوئاد حسێنی وەک قوربانییەک بۆ یەکڕیزیی وێنا کرد، تاوەکو پەیامی ئەوە بدات کە بردنەوەی ئەمجارەی یەکێتیی، شکستی پارتی نییە، بەڵکو پاراستنی باڵانسێکی مێژوییە.
بافڵ تاڵەبانی سهرۆكى یهكێتیى نیشتمانى كوردستان بەوەسفکردنی د. فوئاد حسێن کاندیدی پارتی وەک تێکۆشەرێکی 50 ساڵە، هەوڵیدا ئەو پەیامە بنێرێت کە کێبڕکێی سەرۆک کۆمار شکاندنی کەسایەتییەکان نەبوە، بەڵکو کێبڕکێی پۆستو باڵانس بوە، چاودێران پێیانوایه، ئەم زمانە نەرمە بۆ ڕێگریکردن بوو لەقوڵبونەوەی زیاتری گرژییەکان لەگەڵ پارتی، کە دوای پرۆسەکە هەستیان بەپەراوێزخستن كردوهو بهر لهیهكلابونهوهى پۆستى سهرۆك كۆمار، فراكسیۆنهكهى پهرلهمانیان بهجێهێشتبوو.
ئاماژەدان بەوەی کە دکتۆر فوئاد خۆی دەیزانی پۆستەکە بۆ یەکێتییە "لەبەر باڵانس"، ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ ڕێککەوتنی ستراتیژیی کۆن، سهرۆكى یهكێتیى پێیوایە، "بەبێ پۆستی سەرۆک کۆمار، باڵانسی هێز لەهەرێمو بەغدا تێکدەچێت، چونکە پۆستە سیادییەکانی هەرێم لای پارتین".
بافڵ تاڵەبانی ئهوهشى وت، "دڵنیام كاك دكتۆر فوئاد دهتوانێت خۆی زیاتر ماندوبكاتو دەنگێكی زۆر زۆر زیاتر بهێنێت، بەس من دكتۆر فوئاد بناسم خۆی بۆ یەكڕیزیی كورد بەو جۆرە سیاسەتی كردو دەستخۆشی لێدەكەم".
چاودێران باس لهوهدهكهن، ئهو پهیامهى سهرۆكى یهكێتیى، هەوڵێکە بۆ بەرز ڕاگرتنی شکۆی ڕکابەرەکەییو نیشاندانی ئەوەی کە یەکێتیی بە(هێز) پۆستەکەی نەبردوە، بەڵکو بەتەبایی بوە، هاوكات دهیهوێت بڵێت، دەرەنجامەکانی پەرلەمان دەریانخست کە هاوپەیمانییەتییەکانی یەکێتیی لەگەڵ لایەنە شیعەکانو بەشێک لەسوننەکان، چانسی بردنەوەی هەر کاندیدێکی پارتییان زۆر کەمکردبوەوە.
یەکێتیی نیشتمانى كوردستان، توانیی بۆ پێنجەمین خول پۆستی سەرۆک کۆمار بهدهستبهێنێت، بهڵام پارتى نهیشاردوهتهوه، ئهوهى ئهمڕۆ ڕویداوه، "پیلانێکی سیاسییه"، هاوكات لێدوانەکەی بافڵ تاڵەبانی هەوڵێکبوو بۆ ئەوەی پارتی وەک هاوبەش لەسەرکەوتن نیشانبدات نەک دۆڕاو.
لێدوانەکەی بافڵ تاڵەبانی نمونەیەکە لەسیاسەتی دوای جەنگ، تێیدا یەکێتیی دەستکەوتە سیاسییەکەی (سەرۆک کۆمار) پاراستو هاوکات هەوڵیدا دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ پارتی بەواڵایی بهێڵێتەوە بەبەکارهێنانی ناوی یەکڕیزیی کورد وەک پاساوێک بۆ ئەوەی ڕویدا.
