شارپرێس:
لەپەراوێزی ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، محەمەد کازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لەبەغدا، پەیامێکی پڕ لەپێزانینو سوپاسگوزاری ئاڕاستەی گەلو حکومەتی عێراق کرد.
ئال سادق بەدەربڕینی وشەی شکۆمەندانە، وەسفی ئەو هەڵوێستە توندوتۆڵەی عێراقییەکانی کرد کە لەساتە سەختەکاندا شانبەشانی گەلی ئێران وەستانەوە.
باڵیۆزی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو تاوانەى لەلایەن هاوپەیمانی ئەمریکی-ئیسرائیلهوه ئەنجامدراو بوە هۆی شەهیدبونی ڕێبەری باڵا، تەنها ئێران نەبوە ئامانج، بەڵکو تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ دۆستایەتیو ڕەسەنایەتی گەلانی ناوچەکە".
لەو ڕوەوە جەختیکردەوە، "گەلی عێراق بەهەموو پێکهاتە، نەتەوەو مەزهەبەکانییەوە، لەگەڵ پاڵپشتییە بێدەریغەکانی مەرجەعیەتی باڵا، سەلماندیان کە لەخەمو ئازارەکاندا یەکگرتونو ڕێگەیان نەدا پیلانی دوژمنان درز بخاتە پەیوەندییەکانمانهوه".
ئەم پەیامەی ئال سادق وەک بەڵگەیەک بۆ قووڵی پهیوەندییە مێژوییو ئاینییەکانی نێوان هەردوو وڵات دادەنرێت کە تێیدا سوپاسی تایبەتی حکومەتی عێراقی کرد بۆ ئەو وەستانەوه فەرمییەی کە نیشانی جیهانیاندا، ئهوهشى وت، "عێراقو ئێران لەبەرەنگاربونەوەی ههڕهشهكاندا یەکدەنگو یەکهەڵوێستن".
ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشوی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە 28ی شوباتی 2026 لەهێرشێکی ئاسمانی هاوبەشی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆسەر شوێنی نیشتەجێبونی لەتاران کوژرا، حکومەتی ئێرانیش لەیهكى ئاداردا هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوەو 40 ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاند، دوێنێش کە 10ى نیسان بوو، ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی لەشارە جیاوازەکانی ئێرانو عێراقیش بەڕێوەچوو.
دوای کوژرانی باوکی، موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری باڵای نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەکاربوو. ناوبراو لەیەکەم پەیامی نوسراویدا دوای ئاگربەستەکەی 7ی نیسانی 2026 ڕایگەیاند، "ئێران خوازیاری شەڕ نییە، بەڵام مافی خۆیەتی تۆڵەی خوێنی باوکمو شەهیدەکانى دیكهش بکاتەوەو هەروەها داوای قەرەبوش لەئەمریکاو ئیسرائیل دهكهین لهبهرامبهر زیانەکانی شەڕدا".
محەمەد کازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لەعێراق، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق هەبوە، لهگهڵ فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە تاووتوێی دۆخی ناوچەکەو گرنگی ئاشتییو دیالۆگیان کرد، ههروهها لهگهڵ فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی-شدا كۆبونهوهى ئهنجامداو فەیاز پشتیوانیی عێراقی بۆ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بەمەبەستی ڕاگرتنی هێرشەکان بۆسەر ئێران دوپاتکردەوە.
سەرباری ئاگربەستەکە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا هۆشداریداوە لەمەترسی هێرشی میلیشیاکانو داوای لەهاوڵاتیانی خۆى کردوە گەشت بۆ عێراق نەکەن، ئەم پێشهاتانە قۆناغێکی نوێو هەستیار لەمێژوی ئێرانو پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێو جیهان دەستپێدەکەن.
