ناتانیاهۆ بڕیاری كۆتایی لەجەنگی ئێران دەدات

جیهان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2416 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ ئەوەی جیهان چاوی لەسەر دانوستاندنەكانە، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی توند دەكات و دەڵێت، جەنگی ئێران کۆتایی نەهاتوەو ئێمە بڕیار دەدەین كەی كۆتایی جەنگەكەیەو جەختيش دەكاتەوە، كەنابێت یۆرانیۆمە پیتێنراوەكەی ئێران لەناو خاكى وڵاتەكەیداو لەدەستیدا بمێنێتەوە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، جەنگی ئێران کۆتایی نەهاتوەو ئیسرائیل ئێستا لەهەموو کاتێک بەهێزترەو توانیویەتی هاوسەنگیی هێز لەناوچەکەدا بگۆڕێت.

بنیامین ناتانیاهۆ راشیگەیاند، بەهاوکاری ئەمریکا، ئیسرائیل توانیویەتی کارگەو وێستگەکانی بەرهەمهێنان و توانای موشەکیی ئێران وێران بکات، لەوانەش گەورەترین کارگەکانی پۆڵاو پترۆکیمیایی، ئاماژەی بەوەش کرد، دەیان فەرماندەی باڵای ئێران و کەشتییەکانیان کراونەتە ئامانج.

جەختیشی کردەوە،" ئێران ئێستا لاواز بوەو داوای رێککەوتن دەکات، چونکە ناتوانێت کەمترین خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتییانی دابین بکات، ئاماژەی بەوەشکرد مەرجی سەرەکی ئیسرائیلیشی بۆ هەر رێککەوتنێک بە رادەستکردن و لەناوبردنی تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران دیاری کرد.

سەبارەت بەبەرەی لوبنان، ناتانیاهۆ کوشتنی حەسەن نەسروڵا و فەرماندە سەربازییەکانی حزبوڵای وەک دەستکەوتێکی گەورە ناوبردو ڕایگەیاند، هەزاران موشەک و ژێرخانی سەربازی و تونێلەکانی ئەو رێکخراوەیان تێکشکاندوە، ئاشکراشی کرد، حزبوڵا داوای رێککەوتنی کردوە، بەڵام ئیسرائیل دوو مەرجی هەیە، یەکەم، داماڵینی تەواوەتی چەکی حزبوڵڵا، و دووەم، واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن و بەردەوامە.

لەبارەی جەنگ دژی حەماس لەکەرتی غەززە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، بەشێکی زۆری غەززەیان لەچەکدارانی حەماس پاک کردووەتەوە، هاروەها بەردەوامن لە دابینکردنی ناوچەیەکی ئارام بۆ ئەو یەهودییانەی لەو ناوچانە دەژین.

سەبارەت بەسوریاش ڕایگەیاند، هێزەکانیان لەچیای شێخەوە بەرەو ناوچەی یەرموک دەڕۆن بەمەبەستی دروستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنیی بەهێزتر بۆ پاراستنی سەروەریی ئیسرائیل، هەروەها جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکەی بەپاراستن و هاوپەیمانێتی لەگەڵ پێکهاتەی دروز لەسوریا کردەوە.

لەکۆتاییدا ناتانیاهۆ ئاماژەی بەگۆڕانکارییە دیپلۆماسییەکان کردو وتی،"ئەو وڵاتانەی پێشتر ڕوبەڕومان دەبونەوە، ئێستا بەهۆی بەهێزیی ئیسرائیلەوە دەیانەوێت رێککەوتن و هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ واژۆ بکەن، جەختیشی کردەوە، رێگە نادەن هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی لە ناوچەکەدا گەشە بکات و ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی.

هاوكات، ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پەیامێكى لەپلاتفۆڕمی  X بڵاویكردەوە, هێرشی توندی کردە سەر  ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و وتی،" ئەو مافی ئەوەی نییە ڕەخنە لەئیسرائیل بگرێت، چونکە هاوڵاتیانی کوردی کۆمەڵکوژ کردوە".

دەشڵێت، "بەردەوام دەبین لەشەڕی ئێران و بریکارەکانی، بەپێچەوانەی ئەردۆغان کە هاوكارییان دەكات".

سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی،" ئیسرائیل لەژێر سەرکردایەتی مندا بەردەوام دەبێت لەشەڕکردن دژی ڕژێمی تیرۆریستی ئێران و دارەدەستەکانی، بەپێچەوانەی ئەردۆغان کە هاوکارییان دەکات".

بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایم ئۆف ئیسرائیل، پێدەچێت ئەم پۆستە وەک وەڵامێک بێت بۆ داواکاری گشتی تورکیا کە بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان لەتورکیا، داوای سزای زیندانیکردنی تا چوار هەزار و 598 ساڵ بۆ نەتانیاهۆ و بەرپرسانی دیکەی ئیسرائیل دەکەن، بەهۆی تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی و جینۆساید.

بەپەلە