شارپرێس:
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی گۆڤاری نیویۆرک تایمز کە لە 03ی نیسانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، پەردە لەسەر زنجیرەیەک ڕفاندنی بەربڵاو و دڕندانە لادراوە کە ژنان و کچانی کەمینەی عەلەویی لە سوریا کردۆتە ئامانج.
ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە دەکات کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2024، ترسێکی زۆر لەناو خێزانە عەلەوییەکاندا بڵاوبووەتەوە و پەنا بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبەن بۆ دۆزینەوەی ونبووەکانیان، چونکە زۆرێک پێیان وایە ئەم کارانە وەک تۆڵەکردنەوەیەک بەرامبەر سیاسەتەکانی ڕژێمی پێشوو ئەنجام دەدرێن.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەنێویاندا گروپی "لۆبی ژنانی سوری"، باسیان لەوە کردووە کە زیاتر لە 80 ڕاپۆرتی بێسەروشوێنبوونیان پێگەیشتووە و توانیویانە 26 حاڵەتی ڕفاندنی ڕاستەقینە پشتڕاست بکەنەوە.
ئەم ڕێکخراوە جەخت دەکاتەوە کە ڕەهەندێکی ئایدۆلۆژی و توندڕەوی لە پشت ئەم تاوانانەوەیە، بەجۆرێک ڕزگاربووەکان گەواهی ئەوەیان داوە کە لە کاتی دەستبەسەربوونیاندا بەهۆی ئایینەکەیانەوە سوکایەتییان پێ کراوە و ناچار کراون پەیڕەوی ئایینی توندوتۆڵ بکەن.
لە لایەکی ترەوە، کریستین بێکەرلی لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی ڕایگەیاندووە کە بەڵگەکان تەنها باس لە ڕفاندن ناکەن، بەڵکو ئاماژە بە ئەشکەنجەی جەستەیی و تەنانەت لە 03 حاڵەتدا ناچارکردنی قوربانییەکان بە هاوسەرگیری دەدەن، کە یەکێکیان کچێکی نەوجەوان بووە.
ئەوەش هاتووە: سەرەڕای ئەوەی خێزانەکان پەنایان بۆ پۆلیس بردووە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە لێکۆڵینەوەکاندا نەبینراوە.
لە بەرامبەردا حکومەتی سووریا بە توندی ئەم هەواڵانە ڕەتدەکاتەوە و وەزارەتی ناوخۆ لە تشرینی دووەمی 2025 ڕایگەیاند کە لە کۆی 42 بانگەشەی ڕفاندن، تەنها 1 حاڵەتیان ڕاست بووە و ئەوانی تر دوورن لە ڕاستییەوە، کە ئەمەش نیشانەی پشتگوێخستنی ئەم دۆسیە هەستیارەیە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە.