شارپرێس:
دوای چەندین کاتژمێر لەگفتوگۆی چڕو تاقەتپڕوکێن لەژێر چاودێری پاکستاندا، وهفدى دانوستانکاری ئێران بەدەستی خاڵییەوە بەرەو تاران بەڕێکەوتن، ئەم گەشتە کە بڕیاربوو ببێتە سەرەتای کۆتاییهێنان بەگرژییەکانی ناوچەکە، بەبێ گەیشتن بەڕێککەوتنێکی کۆتاییهات.
خاڵە ناکۆکەکان.. دیواری بەرز لەبەردەم دیپلۆماسی
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە لەسەر چەند خاڵێک لێکتێگەیشتن هەبوە، بەڵام "دوو پرسی بنەڕەتی" وەک بەربەست ماونەتەوە، سەرچاوە ئاگادارەکانیش پشتڕاستیانکردەوە، ئەو دوو پرسە بریتین لەدۆسیەی ئەتۆمی ئێران کە ساڵانێکە کێشەی نێودەوڵەتییە لهگهڵ ئاسایشی گەروی هورمز کە ئەمجارە وەک مەلەفێکی نوێو هەستیار هاتە سهر مێزی دانوستانەکان.
واشنتۆنو تاران.. کێ یارییەکە دەباتەوە؟
جی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەڕاشکاوی ڕایگەیاند، گفتوگۆکان بێئەنجامبون، لەبەرامبەردا، تاران لەڕێگەی ئاژانسی "تەسنیم"ەوە پەیامێکی توندی ناردو ڕایگەیاند، "ئێران پەلەی نییە"و تۆپەکەی خستە گۆڕەپانی ئەمریکاوە، تاران جەختدەکاتەوە، تا ڕێککەوتنێکی "واقیعی" نەبێت، هیچ گۆڕانکارییەک لەدۆخی گەروی هورمزدا ڕونادات.
ڕۆڵی پاکستان؛ نێوەندگیرێک لەنێوان ئاگرو ئاودا
ئیسحاق دار وەزیری دەرەوەی پاکستان، سەرەڕای شکستی ئەم خولە، جەختیکردەوە، وڵاتەکەی بەردەوامدەبێت لەئاسانکاریی بۆ دیالۆگ، ئیسلام ئاباد ئومێدەوارە هەردولا پابەندی "ئاگربەست" بن بۆ ئەوەی ناوچەکە بەرەو تەقینەوەیەکی گەورەتر نەچێت.
کۆتاییەکی نادیار
ئێستا کە وهفدى ئێرانی گەڕاوەتەوە، چاوەکان لەسەر گەروی هورمزو کاردانەوە سەربازییەکانن، ئایا دیپلۆماسی دەرفەتێکی دیكهى دەبێت، یان ململانێکان ڕەهەندێکی مەترسیدارتر دەگرنە بەر؟ وەڵامەکە لای واشنتۆنە کە ئایا ئامادەیە "واقیعییانە" مامەڵە بکات، یان تاران کە سورە لەسەر بەکارهێنانی "کارتە فشارەکانی".
