پلانێكی سێ لاپەڕەیی بۆ ڕێككەوتن و كۆتایهاتنی جەنگ ئاشكرادەكرێت

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5927 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لەزاری چەند بەرپرسێکی باڵاوە ئاشکرایکرد، ئەمریکاو ئێران لەدانوستانێکی چڕدان لەسەر پلانێکی سێ لاپەڕەیی بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگ. 

 
ماڵپەڕەكە لەزاری ئەو بەرسە باڵایانەوە ئەوەی ئاشكراكردوە، كە بەپێی پڕۆژە رێککەوتنەکە، ئەمریکا 20 ملیار دۆلار لەپارە سڕکراوەکانی تاران ئازاد دەکات، لەبەرانبەردا دەبێت ئێران تەواوی کۆگای یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ڕادەست بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕەكە، لەپێشینەی کارەکانی ئیدارەی ترەمپ ئەوەیە کە ئێران دەستی بە 2,000 کیلۆگرام یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی نەگات، بەتایبەت ئەو 450 کیلۆگرامەی کە بە رێژەی 60% پیتێنراوە. ترەمپ لەمبارەیەوە ڕایگەیاندوە کە ئێران رەزامەندی نیشانداوە کۆگای یۆرانیۆمەکە ڕادەست بکات و بەفەرمی ڕایبگەیەنێت کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت.

ئەکسیۆس ئاماژەی بەوە کردوە، ئێران لەسەرەتادا داوای 27 ملیار دۆلاری دەکرد، بەڵام ئێستا هەردولا لەسەر بڕی 20 ملیار دۆلار لەگفتوگۆدان و  واشنتن دەیەوێت مەرجی توند دابنێت بۆ چۆنیەتی خەرجکردنی ئەو پارەیە . هەروەها باس لەوە دەکرێت کە دەبێت ئێران تەواوی وێستگە ئەتۆمییە ژێرزەوییەکانی بەداخراوی بهێڵێتەوەو تەنیا لەوێستگەکانی سەر زەویدا رێگەی بەچالاکی توێژینەوەی پزیشکی بدرێت.

یەکێک لە خاڵە جێناکۆکەکان ماوەی راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمە؛ ئەمریکا داوای 20 ساڵ دەکات، بەڵام تاران تەنیا 5 ساڵی قبوڵە. هەروەها پرسی مسۆگەرکردنی ئاسایشی گەرووی هورمز لەناو رێککەوتنەکەدایە، بەڵام هێشتا بۆشایی گەورە لە نێوان تێڕوانینی هەردوولادا ماوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە، خولی دوەمی دانوستانەکان لەئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت. 


بەپەلە