ناوەرۆکی پێشنیازە نوێکەی ئێران ئاشکرابوو کە ترەمپ ڕەتیکردەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 861 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە ئاشکرایکرد کە تاران پێشنیازێکی نوێی خستۆتە ڕوو، بەڵام دۆناڵد ترەمپ تا ئێستا ڕەتی دەکاتەوە، بەشێوەیەک ئەم پێشنیازە داوای کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا دەکات، لە بەرانبەردا وتووێژەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی بۆ قۆناغێکی دواتر دوابخرێن.

بەرپرسە ئێرانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە وەرچەرخانێکی گرنگە بۆ ئاسانکاریی لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی. 

بەپێی دەقەکە، پێشنیازەکە گەرەنتی دەوێت کە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش نەکەنەوە سەر ئێران، هەروەها تاران داوا دەکات واشنتۆن دان بە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتییانە بنێت، تەنانەت ئەگەر پیتاندنەکەش ڕابگیرێت.

لە لایەکی ترەوە، دۆناڵد ترەمپ جەختی کردۆتەوە کە ڕازی نابێت بە هیچ ڕێککەوتنێکی لاواز و ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دواییدا 85%ـی توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێرانیان تێکشکاندووە.

 ترەمپ ڕایگەیاند کە هێزی دەریایی ئێران بەتەواوی لەناوچووە و 159 کەشتییان ئێستا لە بنکی دەریادان.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە بەردەوامی گەمارۆی سەر گەرووی هورمز کردەوە و وتی کات لە بەرژەوەندی ئەمریکایە، چونکە کۆگاکانی خۆراکی ئێران لە ماوەی 3 مانگدا بەتاڵ دەبن.

ترەمپ تیشکی خستە سەر ئەوەی کە سیستەمێکی نوێ لە ئێران هەیە و واشنتۆن بەدوای کەسێکدا دەگەڕێت قسەی لەگەڵ بکات، چونکە ڕیزەکانی یەکەم و دووەم و نیوەی ڕیزی سێیەمی سەرکردایەتیی ئێران لەناوچوون. 

ترەمپ گاڵتەی بە نەبوونی سەرکردایەتییەکی ڕوون کرد و ناڕەزایەتی خۆشی بەرانبەر بەو پێشنیازە دەربڕی کە لە ڕێگەی ئیسلام ئابادەوە نێردراوە.

 لە کۆتاییدا ترەمپ هۆشداری دا کە ئێران تەنیا دوو بژاردەی لەبەردەمدایە: یان ڕێککەوتنێکی گشتگیر یان وێرانکاری تەواو، هەرچەندە ئاماژەی بەوە کرد کە بژاردەی ئاشتییانەی پێ باشترە.

بەپەلە