ئێران لەڕێگای 6 دەروازەی وشکانی پاکستانەوە گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا تێدەپەڕێنێت؟

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 344 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
میدیای ئیسرائیلی ئاشکرایکردووە کە لە سایەی گرژییەکانی ناوچەکە و زیادبوونی کۆتوبەندکردنی گەشتە دەریایییەکان، ئێران هەوڵ دەدات پشت بەستن بە ڕێڕەوە کلاسیکییەکانی ناو کەنداو کەم بکاتەوە، ئەوەش لە ڕێگەی کاراکردنی ڕێڕەوە وشکانییە نوێیەکان لەگەڵ پاکستان. 

 
باس لەوەشکراوە کە ئەم هەنگاوە کە ڕەهەندی لۆجستی و جیۆپۆلیتیکی هەیە، ڕەنگە ببێتە هۆی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی گۆڕانکارییەکانی بازرگانیی لە ناوچەکە و مەودایەکی زیاتر بداتە تاران بۆ مانۆڕکردن لە بەرامبەر گوشارەکاندا.

کەناڵی i24NEWS ی عیبری ئاشکرایکردووە کە ئیسلام ئاباد ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر کاراکردنی 6 ڕێڕەوی وشکانیی بۆ گواستنەوەی کاڵاکانی ترانزێت لە بەندەرەکانییەوە بۆ ئێران، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی گواستنەوەی نێوان هەردوو وڵاتدایە. 

ئەم ڕێڕەوانە بەندەرە سەرەکییەکانی وەک گوادر، کەراچی و قاسم بە خاڵە سنوورییەکانی ئێرانەوە دەبەستنەوە، کە ڕێگە دەدات کاڵاکانی وڵاتی سێیەم بە ناو خاکی پاکستاندا تێپەڕن.

 چاودێران پێیان وایە ئەمە گۆڕانکارییەکی پراکتیکییە لە شێوازی دابینکردنی ئێراندا، کە ساڵانێکی زۆر پشتی بە بەندەرەکانی ئیمارات دەبەست، بەتایبەتی لە پرۆسەکانی ترانزێت و دووبارە هەناردەکردنەوەدا.

ئەم هەنگاوە گرنگییەکی زۆر دەبینێت بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناو کەنداو، کە وای لە تاران کردووە بەدوای جێگرەوەی جێگیرتردا بگەڕێت، بۆئەوەش ڕێڕەوی پاکستان بژاردەیەکی وشکانیی دەخاتە بەردەم ئێران کە مەترسییە دەریایییەکان کەمدەکاتەوە، بەتایبەت لە کاتی هەڵکشانی گرژییەکاندا.

ئەوەش هاتووە: نزیکیی بەندەری گوادر لە سنووری ئێرانەوە، سوودێکی لۆجستیی گەورە دەداتە ئەم ڕێڕەوە و کات و تێچووی گواستنەوە کەمدەکاتەوە، خەمڵاندنە سەرەتایییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە کورترین ڕێگا لە نێوان گوادر و سنووری ئێران دەتوانێت کاتی گواستنەوە بۆ چەند کاتژمێرێکی کەم کەم بکاتەوە، هەروەها تێچووی گواستنەوە لە هەندێک ڕێڕەودا بە ڕێژەی 50% کەم دەبێتەوە.

ئەم پرۆژەیە تەنیا بۆ ئێران سوودبەخش نییە، بەڵکو ئیسلام ئاباد بە دەرفەتێکی دەبینێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئاستەنگەکانی گەیشتن بە ئاسیای ناوەڕاست لە ڕێگەی ئەفغانستانەوە، ئەوەش بە بەکارهێنانی خاکی ئێران وەک دەروازەیەک.

 ئەمەش پێگەی ئێران وەک چەقێکی جوگرافیی بەهێز دەکات کە باشووری ئاسیا بە ئاسیای ناوەڕاست و قەوقازەوە دەبەستێتەوە، هەروەها ئەم ڕێڕەوە لەگەڵ پرۆژە گەورەکانی وەک ڕێڕەوی ئابووری چین-پاکستان و دەسپێشخەری "پ پشتێن و ڕێگا" یەکدەگرێتەوە.

پسپۆڕان دەڵێن سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە پێویستی بە هەماهەنگیی ئەمنیی و لۆجستیی بەردەوام و وەبەرهێنانی زیاتر هەیە لە ژێرخاندا، بەڵام کاراکردنی شێوەیەکی نوێی لە جووڵەی بازرگانیی ناوچەکەدا دروست کردووە.