فەرماندەیەکی باڵای ئەمریکا: لەماوەی ئاگربەستدا ئێران 10 جار هێرشی کردوەتە سەر هێزەکانمان

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 125 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران لە دوای دەستپێکردنی ئاگربەست لە نزیکەی مانگێک لەمەوبەرەوە، زیاتر لە 10 هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا.

کەین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا لە واشنتۆن ئاماژەی بەوە کرد کە لەو کاتەوەی ئاگربەست لە 8ی نیسانی ڕابردوو چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئێران 9 جار تەقەی لە کەشتییە بازرگانییەکان کردووە و 2 کەشتیی کۆنتێنەریشی دەستبەسەر کردووە. ئەو ئەم ڕووداوانەی بەوە وەسف کرد کە هێشتا لە خوار ئاستی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە شەڕکەرە گەورەکانن لەم قۆناغەدا.
ئەم باڵاترین ئەفسەرە سەربازییەی ئەمریکا ڕوونیکردەوە کە تەنها ڕۆژی دووشەممە، ئێران هێرشێکی کردۆتە سەر عومان و 3 هێرشیشی کردۆتە سەر ئیمارات. هەروەها باسی لەوە کرد کە هێزە ئێرانییەکان موشەکی کرووز، درۆن و بەلەمی خێرایان دژی هێزەکانی ئەمریکا بەکارهێناوە کە سەرقاڵی گەڕاندنەوەی گواستنەوەی بازرگانین لە گەرووی هورمزدا، بەڵام هەلیکۆپتەرە هێرشبەرەکانی ئەمریکا توانیویانە هێرشەکان تێکبشکێنن.
بە وتەی کەین، ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی گیڕخواردنی نزیکەی 22500 دەریاوان لەناو زیاتر لە 1550 کەشتیی بازرگانیدا لە کەنداو.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی