پەرلەمانتارێکی پارتی: دەنگۆی ئەوە هەیە موسەنا ئەمین له‌پشكى پارتى بکرێتە جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1514 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپه‌رله‌مانى عێراق ناوى وه‌زیره‌كانى حزبه‌كه‌ى ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ناوى د. موسه‌ننا ئه‌مین سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوى ئیسلامیش دێت بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌پشكى پارتى"، ده‌شڵێت، "ڕێباز حه‌ملان ده‌بێته‌ وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق".


شێروان دوبه‌ردانى په‌رله‌مانتارى پارتى له‌به‌غدا بۆ میدیاى حزبه‌كه‌ى قسه‌یكردو ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوامبوەو ڕێککەوتنەکان نزیکە لەکۆتایی، هەرچەندە هەندێک وردەکاریی ماونەتەوە.

ڕونیشیكرده‌وه‌، "پۆستەکانی چوار جێگرەکەی سەرۆک وەزیران، وەزارەتی بەرگریی، ڕۆشنبیریی، کۆچ‌و کۆچبەران‌و وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی هێشتا یەکلانەبونەتەوە، به‌ڵام ئەگەری هەیە لەچەند كاتژمێرى داهاتودا ڕێککەوتنیان له‌باره‌وه‌ بكرێت، وەزارەتی ناوخۆ-ش لەنێوان ڕێککەوتن‌و بێ ڕێککەوتندایە، بەڵام وەزارەتی پەیوەندییەکان بۆ مستەفا سەنەد یەکلابوەتەوە لەکێبڕکێی نێوان ئەوو موحسین مەندەلاوی (کە کاندیدە بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان)".

سه‌باره‌ت به‌کۆبونەوەکانی ئەمڕۆش، په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى پارتى ڕایگه‌یاند، "بڕیارە سەرۆکی هەرێم سەردانی بەغدا بکات بۆ بەشداریی لەکۆبونەوەیەک لەكاتژمێر چوار لەگەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆکی دادگا، محەمەد شیاع سودانی، عەلی زەیدی، مالیکی‌و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمڕۆ کابینەی عەلی زەیدی متمانە وەردەگرێت‌و دەنگ لەسەر زیاتر لە 15 وەزارەت دەدرێت".

سەبارەت بەکاندیدی وەزارەتەکان، دوبەردانی ئه‌وه‌شى وت، "باسم محەمەد خودەیر وەک بریکاری وەزیری نەوت دانراوە کە هەڵوێستی زۆر خراپە بەرامبەر هەرێم‌و پێشتریش زۆر هێرشیکردوەتەسەر هەرێمی کوردستان، فالح ساری بۆ وەزارەتی دارایی کاندیدە، لەلایەنی سوننەش، محەمەد نوری بۆ وەزارەتی پیشەسازیی‌و عەبدولکەریم عەبتان بۆ وەزارەتی پەروەردە دەستنیشانکراون، تەنها وەزارەتی ڕۆشنبیری ماوە کە سەر بەجەماوەرى نیشتمانییە، بۆ وەزارەتی ناوخۆ-ش زۆرینەی دەنگەکان بۆ قاسم ئەعرەجی بوە، بەڵام کاندیدەکانی سەر بەمالیکیش لەکێبڕکێدا بون".

ئاماژه‌ى به‌فراکسیۆنی سادقون‌و گروپە چەکدارەکان کردو جه‌ختیكرده‌وه‌، "سادقون‌و لایەنه‌کانی، ئەمڕۆ دێنە پەرلەمان، بەڵام هیچ وەزارەتێک وەرناگرن، چونکە ئەمریکا مەرجی داناوە، دەبێت چەک دابنێن، ئەوانیش ئامادەنین چەک ڕادەستبکەن، هه‌روه‌ها ئەحمەد ئەسەدی لەحکومەت لادراوە، چونکە چەکی لەدەرەوەی دەوڵەت هەبوە، ئیسماعیل قائانی سەردانی بەغدای کردوە بۆ ئەو بابەتە، بەڵام سادقون وتویانە ئێمە لەجەنگداین‌و چەک ڕادەستناکەین".

سه‌باره‌ت به‌پشكى كوردو كاندیده‌كانى پارتیش بۆ پۆسته‌ وزاریى‌و دیاریكراوه‌كان، شێروان دوبەردانی وتى، "12 وه‌زاره‌ت بۆ شیعە، شه‌ش بۆ سوننە، چوار بۆ کوردو یه‌ك وه‌زاره‌تیش ده‌درێته‌ پێكهاته‌كان، د.فوئاد حوسێن وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ وه‌رده‌گرێته‌وه‌، ڕێباز حه‌ملان ده‌بێته‌ وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، هاوكات چه‌ند ناوێكیش بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق دێن كه‌ ئه‌و پۆسته‌ پشكى پارتیه‌، یه‌كێك له‌و ناوانه‌ش د. موسه‌ننا ئه‌مین سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوى ئیسلامیه‌ له‌په‌رله‌مانى عێراق".

له‌باره‌ى دژایه‌تیكردنى پارتى بۆ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ى بڕیاره‌ دروست ببێت، دوبه‌ردانى جه‌ختیكرده‌وه‌، "پارتی دروستکردنی وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە ڕەتدەکاتەوە، چونکە کاریگەری لەسەر ڕۆڵی وەزیری دەرەوە دەبێت، هیوادارین ئەو خاڵانەی پارتی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆیکردون، لەو دوو سێ ساڵەی تەمەنی حکومەتدا به‌گوێره‌ى دەستورو یاسا جێبەجێبکرێن".