پوتن له‌باره‌ى هێزى ئه‌تۆمی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ زانیاریى گرنگ ئاشكراده‌كات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 239 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڤلادیمیر پوتن جەختیکردەوە، ڕوسیا بەردەوامدەبێت لەپەرەپێدانی هێزە ئەتۆمییە ستراتیژییەکانی بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕوسیاو پاراستنی هاوسەنگیی ستراتیژیی لەجیهاندا.


سەرۆکی ڕوسیا بەردەوامبونی کارەکانی پشتڕاستکردەوە بۆ دروستکردنی ئەو سیستمە موشەکییانەی کە توانای بڕینی هەموو سیستمەکانی بەرگریی موشەکیی ئێستاو داهاتویان هەیە.

پوتن ئاماژەی بەوەدا، کۆمەڵگە سەربازییە گەڕۆکەکان کە تەیارکراون بەموشەکی بالیستی نائەتۆمی، بەشێوەیەکی کاریگەر لەمیانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەدا بەکارهێنراون.

لەو چوارچێوەیەدا، سێرگی کاراکایڤ فەرماندەی هێزە موشەکییە ستراتیژییەکان، سەرۆکی ڕوسیای لەسەرکەوتنی هەڵدانی نوێترین موشەکی بالیستی کیشوڕبڕ ئاگادارکردەوە، کە توانای جوڵەی هەیە نەک تەنها لەسەر ڕێڕەوێکی بالیستی نەریتی، بەڵکو لەسەر ڕێڕەوێکی نیمچە خولگەیی، بەمەودایەک کە زیاتر لە 35 هەزار کیلۆمەتر تێدەپەڕێنێت، ئەمەش توانای پێدەبەخشێت کە بەسەر هەموو سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی‌و موشەکیی ئێستاو ئەوانەی لەقۆناغی پەرەپێداندان زاڵبێت، پوتن، سیستمی سارمات-ی وەک بەهێزترین سیستمی جیهان وەسفکرد.

لەچوارچێوەی چەکە بێوێنەکاندا، ڕوسیا لەسەرەتای هەزارەی نوێوە، دوای کشانەوەی ئەمریکا لەپەیماننامەی سنوردارکردنی سیستمەکانی بەرگریی موشەکی، کار لەسەر نوێکردنەوەی هێزەکانی ڕێگریی ئەتۆمیی دەکات.

پوتن ڕونیکردەوە، لەساڵی 2017وه‌ موشەکی (کینجاڵ)ی لادەری دەنگی (هایپەرسۆنیک) کە لەئاسمانەوە دەتەقێنرێت‌و مەودا مامناوەندە، چوەتە خزمەتەوەو ئێستاش لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکەدا بەکاردەهێنرێت کە ڕوسیا بەردەوامە لەپەرەپێدانی، لەوانەش بەرزکردنەوەی وردیەکەی کاتێک بەکڵاوەی نائەتۆمی تەیاردەکرێت.

میدیاى ڕوسیا ئاشكرایكردوه‌، کارەکان بەرەو کۆتایی دەچن سەبارەت بەسیستمی دەریایی بێفڕۆکەوانی پۆسایدۆن‌و موشەکی باڵداریی مەودادوری (بوریڤێستنیک)، لەساڵی ڕابردوەوە، موشەکی (ئۆریێشنیک) چوەتە دۆخی ئامادەباشی شەڕەوە کە توانای تەیارکردنی بەکڵاوەی جەنگی ئەتۆمی هەیە.

بەپەلە