مەیینی خوێن لە دەمارەکاندا.. ئەو ئاماژانەی دەکرێت ژیانت رزگار بکات

تەندروستی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 30 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دکتۆر غێڤۆرگ مناتساکانیان، پسپۆڕی نەشتەرگەریی دڵ و بۆرییەکانی خوێن، ئاماژە بە نیشانەکانی مەیینی خوێن لە دەمارە ڕووکەش و قووڵەکاندا دەکات و جەخت لەسەر گرنگیی سەردانیکردنی بەپەلەی پزیشک دەکاتەوە.

 ئەو پزیشکە رووسییە ڕوونی دەکاتەوە کە دیاریکردنی جۆری دەمارە تووشبووەکە هەنگاوی یەکەمە بۆ داڕشتنی پلانی چارەسەر، چونکە نیشانە و مەترسییەکانیان جیاوازن.

هەروەک دەڵێت: مەیینی خوێن لە دەمارە ڕووکەشەکاندا دەبێتە هۆی هەوکردنی پێست و شانەکانی دەوروبەری کە بە "هەوکردنی دەماری خەستبوو" دەناسرێت. ئەم دۆخە زۆرجار وەک لێکەوتەی نەخۆشیی دەوالی لە قاچەکاندا دەردەکەوێت، بەڵام هەندێک جار لە دەمارە ئاساییەکانیشدا ڕوودەدات.

ڕوونیشی کردۆتەوە کە نیشانەکانی بریتین لە ئازار، سووربوونەوە، ئاوسانی قاچ و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی پێست لە شوێنی تووشبووەکەدا، کە ڕەنگە لەگەڵ بێهێزیی گشتی و تا تێپەڕێت.

لە بەرامبەردا، مەیینی خوێن لە دەمارە قووڵەکاندا مەترسیدارترە؛ لەوانەیە بێ نیشانە بێت یان وەک ئازار، گرژبوونی ماسولکەکان، سنوورداربوونی جووڵە و ئاوسانێکی توند دەربکەوێت کە قەبارەی قاچەکە دوو هێندە بکات.

توندیی ئەم نیشانانە بەپێی قەبارە و شوێنی جەڵتەکە دەگۆڕێت و لە دۆخە سەختەکاندا دەبێتە هۆی شینبوونی قاچ، مردنی شانەکان (گانگرین) یان گەیشتنی جەڵتەکە بە سییەکان.

 پزیشکەکە جەخت دەکاتەوە کە لەگەڵ دەرکەوتنی هەر نیشانەیەک، پێویستە دەستبەجێ سەردانی پسپۆڕی بۆرییەکانی خوێن یان پزیشکی گشتیی بکرێت، چونکە دەستنیشانکردنی پێشوەختە کلیلە بۆ چارەسەرێکی سەرکەوتوو.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی