شارپرێس:
وتەبێژی وەزارەتی
دەرەوەی ئێران وەڵامی تۆمەتەکانی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی بردنی چەک لەلایەن هێزە
کوردییەکانەوە هاتەدەنگ و دەڵێت، هیچ
بایەخێک بە لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەی کوردەوە نادەن، راشیدەگەیەنێت،"
دەبێت ئافەرین بە کورد بوترێت ئەمجارەش دوژمنیان خەڵەتاند و بێهیوایان کردن."
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەمیانەی سەردانێکی
بۆ شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد،" ئێمە هیچ کاتێک کارمان
بە لێدوان و قسەی بێگانەکان لەبارەی هاوڵاتییانمانەوە نەبوە، ئێمە خۆمان دەزانین
کە ئێرانییەکان، چ کورد، فارس، تورک یان بەلوچ، چۆن نیشتمانەکەیان خۆش دەوێت و
شەیدای خاکەکەیانن ".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی،" قسەکانی ترەمپ زیاتر لە
جاران ئێمە سەربەرز دەکات بە تێگەیشتن و ژیری و وردبینیی گەلی کورد، بەڕاستی دەبێت
ئافەرینیان پێ بوترێت کە ئەمجارەش دووژمنیان خەڵەتاند و بێهیوایان کردن ".
ئەوەشیخستەڕوو، خەڵکی کوردستان بە خۆڕاگری و تێگەیشتنی بەرزی سیاسیی
خۆیان، رۆڵێکی گرنگیان لە پاراستنی سنورەکان و پەکخستنی پیلانی دوژمناندا گێڕاوە.