مژدەیەک بۆ هاوڵاتیان.. هەوڵەکانى کردنەوەی دەرگای قەرزی نیشتەجێکردن‌و زیادکردنی بڕەکەی چڕدەکرێنەوە

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1197 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی عێراق، پێشنیازێکی نوێی بۆ زیادکردنی سەرمایەی سندوقی نیشتەجێکردن خستەڕوو، بەئامانجی پێدانی قەرزی زیاتر بەهاوڵاتیان، بەڵام جەختیکردەوە، جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە تەنها لەدەسەڵاتی حکومەت‌و پەرلەماندایە.


نەبیل سەفار وتەبێژی وەزارەتى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ به‌ئاژانسی (واع)ى ڕایگەیاندوه‌، بانکى ناوەندیی عێراق داوای لەحکومەت‌و پەرلەمان کردوە، ساڵانە بڕە پارەیەکی دیاریکراو لەناو بودجەی گشتیدا بۆ سندوقی نیشتەجێکردن تەرخانبکرێت، ئەو هەنگاوەش ڕێگە خۆشدەکات بۆ ئەوەی سندوقەکە سەرمایەکەی زیادبکات‌و بتوانێت وەڵامی ئەو داواکارییە زۆرانە بداتەوە کە هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی قەرز پێشکەشیانکردوە.

ئاماژەی بەوەشکردوه‌، "هەرچەندە پێشنیازەکە كراوه‌، بەڵام تائێستا پەسەندنەکراوە، وەزارەتیش ئومێدی زۆری لەسەر خولی نوێی پەرلەمانی عێراق هەڵچنیوە تاوەکو لەکاتی پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2026دا، تەمویلی پێویست بۆ سندوقەکە دابینبکات، زیادکردنی بڕی قەرزەکانیش بڕیارێکی حکومییەو پەیوەستە بەو داهاتەی لەبودجەدا تەرخاندەکرێت".

سەفار پەردەی لەسەر گرفتێکی دارایی سندوقەکە لاداو ڕایگەیاند، "لەئێستادا سندوقەکە پشت بەتەمویلی خۆیی دەبەستێت، واتە ئەو پارەیەی لەهاوڵاتیانی وەردەگرێتەوە کە پێشتر قەرزیان پێدراوە، کێشەی سەرەکیش لێرەدایە کە قەرزەکە بەیەک ساڵ دەدرێت، بەڵام گەڕانەوەی پارەکە 15 ساڵی پێدەچێت، ئەمەش وایکردوە لەئێستادا زۆربەی سەرمایەی سندوقەکە لەدەرەوە بێت‌و لەلای هاوڵاتیان بێت".

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ڕونیکردەوە، بانکى ناوەندی بۆ یارمەتیدانی سندوقەکە، وەرگرتنەوەی قەرزەکانی سەر سندوقەکەی بۆ پێنج ساڵ دواخستوە، بەڵام کردنەوەی دەرگای پێشکەشکردنی نوێ بۆ هاوڵاتیان، تەنها بەندە بەدابینکردنی پارەی پێویست لەلایەن حکومەتەوە یان کۆبونەوەی بڕە پارەیەکی باش لەو قەرزانەی کە لەهاوڵاتیان وەردەگیرێنەوە.

پێشتر بڕی قەرزەکە لەنێوان سەنتەری پارێزگاکان‌و قەزاکان جیاوازبوو، بەڵام ئێستا بڕیاردراوە بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق بکرێتە 60 ملیۆن دینار، قەرزەكه‌ش هیچ سودێکی بانکیی ناچێتەسەر، تەنها بڕە پارەیەکی کەم (نزیکەی 5٪) وەک تێچوی کارگێڕیی لێ دەبڕدرێت کە تەنها بۆ یەکجارە، هاوڵاتیش دەتوانێت لەماوەی 15 ساڵدا ئەم پارەیە بەقیستی مانگانە بگەڕێنێتەوە، ئەم پارەیە تەنها بۆ دروستکردنی خانوو یان نۆژەنکردنەوەو زیادکردنی بینا دەدرێت، نەک بۆ کڕینی خانوو (کڕینی خانوو زۆرجار پەیوەندیی بەبانکیی خانوبه‌ره‌وه‌ هەیە).