ئاستەنگەکانی بەردەم ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا چین؟

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 354 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
بەپێی سەرچاوەکان، کۆسپ و تەگەرە کەوتوونەتە بەردەم دانوستانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە جەنگ. ئەم کێشانە زیاتر پەیوەستن بە کردنەوەی گەرووی هورمز، لەگەڵ پرسی ڕادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی بەرز.

سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن کە تاران داوای ئازادکردنی پارە بلۆکراوەکانی ، لادانی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی، و کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە دەکات، لە بەرامبەردا تەنیا بە شێوەیەکی کاتی گەرووەکە دەکاتەوە. 

هەروەک ئێران داوای ڕێککەوتن لەسەر پرۆتۆکۆڵێکی تێپەڕبوونی ئارام دەکات پێش دەستپێکردنی مۆڵەتی 30 ڕۆژەکە، لەگەڵ بوونی میکانیزمێکی ڕوون بۆ هەڵگرتنی سزاکان لە بەرامبەر ڕادەستکردنی بەشێک لە یۆرانیۆمی پیتێنراو، ئەمەش پێچەوانەی لێکتێگەیشتنە پێشووەکانە.

لەم چوارچێوەیەدا، عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، دوای تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک بەسەر جەنگ و داخرانی گەرووی هورمز کە بازاڕی وزەی شێواند، تارانی جێهێشت بەبێ ئەوەی بگەنە لێکتێگەیشتنی تەواو لەسەر بنەما سەرەتاییەکانی ئەو ڕێککەوتنەی کە وڵاتەکەی نێوەندگیری بۆ دەکات. 

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و گەورە دانوستانکاری ئێران، لەگەڵ مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆمار و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، لەگەڵ مونیر کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر بەڵگەنامەیەکی 14 خاڵی ئێرانی کردەوە، لە کاتێکدا قالیباف ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە لایەنێکی ڕاستگۆ نییە.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە ئەوان لە هەمان کاتدا زۆر دوور و زۆر نزیکن لە ڕێککەوتن، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی هەڵوێستی خۆیان دەگۆڕن.

 ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆتاییهێنان بە جەنگ، بە لوبنانیشەوە، لە پێشینەی کارەکانیانە، بەڵام بەهۆی دوژمنکاریی مێژوویی ئەمریکاوە، ئەم پرۆسەیە کاتی زۆری دەوێت و ناتوانرێت لە ماوەیەکی کورتدا چاوەڕێی ئەنجام بکرێت.

بەپەلە