پاسپۆرتی سوریی نازناوی خراپترینى لەسەر ئاستی گۆی زەوی پێبەخشرا

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 252 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

به‌گوێره‌ى نوێترین ڕیزبه‌ندى بۆ پاسپۆرتى وڵاتانى جیهان، سەفەرکردن بۆ سورییەکان بوەتە خەونێکی مەحاڵ، لەنوێترین پۆلێندا، پاسپۆرتی سوریی نازناوی (بێهێزترین)ی لەسەر ئاستی گۆی زەوی پێبەخشرا، ئەمەش هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەی ڕوبەڕوی قەیرانێکی گەورەی گەشتکردن کردوەتەوە کە لەمێژودا وێنەی نەبوە.

به‌گوێره‌ى نوێترین ڕیزبەندیی پێوەرە جیهانییەکان بۆ ئازادیی گەشتکردن، پاسپۆرتی سوریی لەپاشەکشەی بەردەوامدایەو لەپێوەرى پاسپۆرت ئیندێکس 2026دا وەک یەکێک لەبێهێزترین پاسپۆرتەکانی جیهان دەستنیشانکرا.

پاسپۆرتی سوریا لەڕیزبەندییەکەدا لەگەڵ پاسپۆرتەکانی ئەفغانستان، عێراق‌و یەمەن لەکۆتایی لیستەکەدایە، ئەم پێوەرە پشت بەژمارەی ئەو وڵاتانە دەبەستێت کە هەڵگری پاسپۆرتەکە دەتوانێت بێ ڤیزای پێشوەختە یان لەکاتی گەیشتندا (Visa on Arrival) سەردانیان بکات.

بەهۆی پاشەکشەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان‌و بارودۆخی سیاسیی، هاوڵاتیانی سوریا لەگەشتکردندا ڕوبەڕوی بەربەستی توندو ئاڵۆزییەکی زۆر دەبنەوە لەوەرگرتنی ڤیزادا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەڵگرانی پاسپۆرتی وڵاتانی دیكه‌ بەئاسانی دەتوانن بچنە نێو دەیان وڵاتی جیهانەوە.

چاودێران پێیانوایە، بەردەوامیی قەیرانە سیاسیی‌و ئابورییەکان، لەگەڵ لاوازیی پێگەی نێودەوڵەتی‌و دیپلۆماسیی، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەبوە لەسەر بێهێزکردنی پاسپۆرتی سوریاو دابەزینی بۆ نزمترین ئاست لەمێژویدا.

بەپەلە