شارپرێس ـ تایبهت:
لەچەند کاتژمێری ڕابردودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە کە هێزێکی زۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، شوێنی مانەوەی محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانیان لەگوڵەخانە گەمارۆداوە، شارپرێس بهدواداچونى بۆ ئهو پرسه كردو سهرچاوهیهكیش زانیاریى گرنگ لهوبارهیهوه ئاشكرادهكات.
بهگوێرهى ئەو دەنگۆیانەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە، باس لەوەدەکرا هێزێکی یەکێتیی بەئاراستەی گەمارۆدانی چیای سورێن جوڵەیان کردوە؛ ئەو ناوچەیەی کە بارەگا سەربازییەکانی هێزی گوڵەخانەی لێیەو هاوسنورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم دەنگۆیانە بونە هۆی دروستبونی ترسو دڵەڕاوکێ لەئەگەری سەرهەڵدانی گرژیی سەربازیی لەناوچەکەدا.
بهگوێرهى بەدواداچونە مەیدانییەکانى شارپرێس، سەرچاوەیەکی ئاگادار لەگوڵەخانەوه هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوەو کە باس لەگەمارۆدان یان هەبونی گرژیی دەکەن.
سەرچاوەکەى شارپرێس ئهوهشى وت، "ئەو هێزەی یەکێتیی کە بەناوچەکەدا تێپەڕیون، بەهەماهەنگیو ئاگاداریی تەواوی هێزەکەی گوڵەخانە بوەو هیچ جۆرە گرژییەک لەئارادانییەو ڕوینهداوه".
سەرچاوەکە جەختیکردەوە، جوڵەی ئەو هێزەی یەکێتیی تەنها "تێپەڕبون" بوە بەرەو ناوچەی سورێن، تائێستاش مەبەستی سەرەکیی چونی ئەو هێزەی یەکێتیی بۆ ئەو ناوچە ستراتیژییەی هاوسنورە لەگەڵ ئێران بەفەرمی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام دڵنیایی دراوە کە بارودۆخەکە ئاساییەو پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای هەماهەنگی بەردەوامن.
