شارپرێس:
جوڵەی بازرگانیی نێودەوڵەتی لەناوچەکەدا وەرچەرخانێکی ستراتیژیی بەخۆیەوە بینیو سوریا جارێکی دیكه وەک ڕێڕەوێکی سەرەکیی ترانزێت بۆ گەیاندنی کاڵاکانی تورکیاو ئەوروپا بەرەو عێراق چالاکبوەوە.
دەستەی گشتیی گومرگو دەروازەکانی سوریا لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوه، کاروانێکی نوێی ترانزێت کە لەتورکیاوە هاتبوو، بەسەرکەوتویی لەدەروازەی سنوریی (تەل کۆچەر)ەوە بەرەو خاکی عێراق تێپەڕیوه، ئەم دەروازەیەش ئێستا لەلوتکەی چالاکیدایەو بوەتە تهوهرێكى سەرەکی بۆ گواستنەوەی کاڵاو هاتوچۆی گەشتیاران لەناوچەکەدا.
لەپەرەسەندنێکی مێژوییدا، بەندەری تەرتوس پێشوازیی لەیەکەم کاروانی ترانزێتی نێودەوڵەتی کرد کە لەوڵاتی ڕۆمانیاوە هاتبوو، ئەم کاروانە کە باری تەختەی هەڵگرتبوو، بەڕێگەی وشکانیو بەناوخاکی سوریادا بەرەو عێراق بەڕێکەوت، ئەمە یەکەم جوڵەی بازرگانیی لەمشێوەیەیە لەنێوان ئەوروپاو عێراق لەو ڕێگەیەوە، دوای 14 ساڵ لەپچڕانی تەواوەتی.
چالاککردنەوەی ئەم ڕێڕەوانە بەشێکە لەهەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمیو کەمکردنەوەی تێچوی گواستنەوەی نێودەوڵەتی، چاودێرانیش پێیانوایە، کرانەوەی ئەو ڕێگایانە سودێکی گەورە بەبازاڕەکانی عێراق دەگەیەنێتو سوریاش دەگەڕێنێتەوەسەر نەخشەی ترانزێتی جیهانی وەک ئەڵقەی بەستنەوەی ئەوروپاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
