شارپرێس:
فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەڕێگەی پەیامێکی کراوەو هاوبەشەوە بۆ ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان، ناڕەزایەتییەکی توند بەرامبەر بەلێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەردەبڕێتو داوای لێبوردنێکی فەرمیی لەواشنتۆن دەکات.
فیدراسیۆنەکە لەپەیامەکەیدا جەختدەکاتەوە، وەسفکردنی نەتەوەیەک بە "بەکرێگیراو" تەنها سوکایەتی نییە، بەڵکو پێشێلکردنی ڕونی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە، لەوانە ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی جیاکاریی ڕەگەزی (ICERD)و پەیماننامەی مافە مەدەنیو سیاسییەکان (ICCPR)و جهختیشدهكاتهوه، ئەمجۆرە گوتارە ڕقئامێزانە ڕێگەخۆشکەرە بۆ جینۆسایدی زیاتر دژی کورد.
بەشێکی دیكهى پەیامەکە ڕەخنەی توند ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی هەرێم، حکومەتو حزبە سیاسییەکان دەکاتو بێدەنگیی ئەوان بەرامبەر بەو "سوکایەتییانە" بەلاوازیی سیاسییو بێباکی بەرامبەر کەرامەتی نیشتمانی وەسفدەکات.
فیدراسیۆنی ڕێکخراوە مەدەنییەکان داوادەکات، لایەنە کوردییەکان چیتر شکۆی گەل نەکەنە قوربانیی بەرژەوەندییە کاتییەکانو لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە هەڵوێستی جدییان هەبێت.
ههروهك چوار داواکاریی سەرەکی ئاماژهى پێكراوهو دهڵێت، پێویستە ئەمریکا بەفەرمی دان بەشکۆو قوربانییەکانی کورددا بنێتو ئەو وەسفە نەشیاوانە ڕاستبکاتەوە، ههروهها حکومەتی هەرێم دەبێت بێدەنگی بشکێنێتو ناڕەزایەتی فەرمی بگەیەنێتە واشنتۆن، حزبە کوردییەکان لەهەر چوار پارچەی کوردستان دەبێت بەرژەوەندیی نەتەوەیی بخەنە سەروی بەرژەوەندیی حزبیو داواش لەدۆستانی کوردو وڵاتانی ئەوروپا كراوه ڕێگریی بکەن لەشەرعییەتدان بەمجۆرە گوتارە ستەمکارانەیە.
لەکۆتایی پەیامەکەدا، فیدراسیۆنەکە وەبیری جیهانی دەهێنێتەوە کە کورد لەشەڕی دژی داعشو پاراستنی بەها مرۆییەکاندا قوربانیی زۆریداوە، پشتگوێخستنی کورد وەک هاوپەیمانی کاتیی یان کارتی فشار، تەنها تەمەنی قەیرانەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا درێژدەکاتەوە.
