ناوەرۆکی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 499 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەردانێکدا بۆ بەغدا، لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کۆبووەوە.

لە راگەیەنراوێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وێڕای پیرۆزباییی دەستبەکاربوون لە سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ،  پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ سەرخستنی حکوومەتەکەی لەپێناو خزمەتکردنی گشت پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراق بێ جیاوازی دووپات کردەوە.

هەروەها سەرۆکی حکوومەت جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان کردەوە.

لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکوومەت دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، ئێمە هەموومان هاوبەشین لەم وڵاتەدا و ئامانجمان چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە رێککەوتن و خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییان و پێکهاتەکانە.

هەروەها "هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پتەوکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان".

بەپەلە