شارپرێس:
لهبڕیارێكدا کە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیای هەژاندوه، دادگای تێهەڵچونەوەی ئەنکەرە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی گشتیی پارتی کۆماری گەل (جهههپه)یدا، ئەم بڕیارە نەک تەنها گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی گەڕاندەوە بۆ سەردەمی کەمال کڵیچدار ئۆغڵو، بەڵکو کاردانەوەی توندی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیشی لەزیندانی ئیمراڵی لێکەوتەوە.
ڕۆژی 20ی ئەم مانگە، دادگای تێهەڵچونەوەی ئەنکەرە بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی دەرکرد کە تێیدا سەرجەم ئەنجامەکانی کۆنگرەی ڕابردوی جەهەپەی هەڵوەشاندەوە.
بهگوێرهى بڕیارەکە، دەسەڵاتی سەرۆکایەتیکردنو ئیدارەدانى پارتەکە لەسەرۆکایەتیی ئێستا سەندرایەوەو هاوكات کەمال کڵیچدار ئۆغڵو کە پێشتر بۆ ماوەی 13 ساڵ سەرۆکی پارتەکە بوو، دوبارە وەک سەرۆکی شەرعیی جەهەپە دەستنیشانکرایەوە، ئەم بڕیارەش وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی هاوسەنگیی هێز لەناو ئۆپۆزسیۆنی تورکیادا دەبینرێت.
دوای بڵاوبونەوەی بڕیارەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان سهرۆكى پهكهكه، لەزیندانی ئیمراڵی چاوی بەوەفدێکی باڵای دەم پارتی (دهم پارتى) کەوت، ئۆجەلان بەتوندی دژی دەستوەردانی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەکاروباری ناوخۆی پارتە سیاسییەکان وەستایەوەو ڕایگەیاند، "هەرگیز شتێکی لەمجۆرە مایەی قبوڵکردن نییە".
ئۆجەلان لەپەیامەکەیدا هۆشداریدا کە ئەم هەنگاوە تەنها گۆڕانکارییەک نییە لەسەرۆکایەتیی پارتێک، بەڵکو بریتییە لە"دانانی قەیوم" بۆ پارتێکی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆن، کە ئەوەش بەواتای لێدانێکی کوشندە دێت لەپرەنسیپو ناوەڕۆکی دیموکراسیی لەتورکیا.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەم بڕیارەی دادگا تورکیا دەخاتە ناو قۆناغێکی نوێی پشێویی سیاسییەوە، ئۆجەلان-یش جەختیکردەوە، کاتێک ئیرادەی ئەندامانی پارتێک لەڕێگەی بڕیاری دادگاوە پەکدەخرێت، واتا ئازادیی سیاسییو ئیرادەی گەل لەتورکیادا کەوتوەتە ژێر هەڕەشەیەکی جدییەوە.