شارپرێس:
ڕۆژی دووشەممە محەمەد باقر زولقەدر سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران داوای یەکگرتوویی لەخەڵکی ئێران کرد و جەختی لەسەر پێویستی خۆڕاگری کردەوە، هاوکات خاتەم ئەلئەنبیا جێگیرکردنی سیستەمی نوێی دژەئاسمانی ڕادەگەیەنێت.
زولقەدر لە بەیاننامەیەکدا وتی: گۆڕەپانی سەربازی و دیپلۆماسی، هەروەها ئەو خەڵکەی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، لە ڕێگەی بەرخۆدانی قارەمانانەی خۆیانەوە نیشانیان داوە کە پاشەکشە ناکرێت. توانیویانە دوژمن سەرلێشێواو بکەن و پلانەکانی پووچەڵ بکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر وڵات پێویستی بە یەکێتی و یەکگرتوویی هەیە بۆ ئەوەی ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکانیش لەم گۆڕەپانەدا بێزار بن.
ڕوونیشی کردەوە کە "مەیدانی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گۆڕەپانێکی دیکەی شەڕە"، ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵی یەکگرتوو بۆ ڕێگریکردن لە هەر لێدوانێک یان کردەوەیەک کە یەکڕیزی لاواز بکات، ئێران بەرەو سەرکەوتنی یەکجاری دەبات.
هاوکات عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیا لە ئێران دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکان بەشێوەیەکی کاریگەرتر جێگیر دەکات.
