شارپرێس:
کەناڵی "ئای 24"ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە کە ئێران هیچ ئاسانکارییەک بۆ ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی بەدەست ناهێنێت، مەگەر دەست بکات بە گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوە.
لە بەرامبەردا، ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی بڵاویکردۆتەوە کە بەپێی دەقە داڕێژراوەکان ئەم لێدوانانە ڕاست نین و ئێران ئامادە نییە پرسی ئازادکردنی سەرمایەکانی بە دۆسیەی ئەتۆمییەوە ببەستێتەوە.
ئێران جەخت دەکاتەوە کە دەبێت بەشێک لە پارەکانی کاتی ڕاگەیاندنی لێکگەیشتنەکە یەکسەر ئازاد بکرێت و بە تەواوی لەبەردەستدا بێت، بۆ ئەوەی ئەزموونە خراپەکانی ڕابردوو بەهۆی پەیمانشکێنی ئەمریکاوە دووبارە نەبنەوە.
هەروەک دەڵێت: تاران لەم قۆناغەدا هیچ پابەندبوونێکی لەسەر وردەکاریی دۆسیەی ناوەکی نەداوە، بۆیە ئازادکردنی پارەکان لە هەنگاوی یەکەمدا پەیوەندی بە ماددە ناوەکییەکانەوە نابێت و دەبێت لێکگەیشتنی سەرەتایی لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ بێت.
بەپێی چوارچێوەی دیاریکراوی ئێران، ئەگەر پارەکان ئازاد نەکرێن هێڵی سوور بەزێنراوە و هیچ لێکگەیشتنێک نابێت، بەهۆی ڕێگرییەکانی ئەمریکاشەوە هێشتا لێکگەیشتنەکە یەکلایی نەبۆتەوە و ئەگەری ڕێکنەکەوتن هەیە.