شارپرێس:
لەپێشهاتێكى چاوەڕواننەکراودا، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق، بۆ یەکەمجار دانی بەوەدانا کە حکومەتەکەی لەمامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی (بەهائەدین عەبدولحوسێن) خاوەنی کۆمپانیای (کی کارت) توشی هەڵەی گەورە بوە، هاوکات پەیامێکی هۆشداریی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی ئێستا کرد.
کازمی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەردەی لەسەر ململانێیەکی ناوخۆیی لاداو ڕایگەیاند، "دانی پێدا دەنێم کە لەمامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی خاوەنی کی کارت هەڵە هەبوە، هەرچەندە ڕێکارە گشتییەکان بەئاراستەیەکی ڕاستدا دەڕۆیشتن، بەڵام لەکاتی جێبەجێکردنی مەیدانیدا، فەرمانبەرانی حکومەتەکەم توشی هەڵەی کوشندە بونو دۆسیەکەیان بەلاڕێدا بردوە".
سەبارەت بەلیژنە بەناوبانگەکەی فەریق (ئەحمەد ئەبو ڕەغیف) کە لەسەردەمی ئەودا بۆ لێکۆڵینەوە لەتاوانە گەورەکان پێکهێنرابوو، کازمی وتی، "چوارچێوەی گشتیی لیژنەکە یاسایی بوو، بەڵام پێویستە بەڕۆحێکی ڕەخنەگرانەوە سەیری ڕابردوو بکەین، چونکە هەمومان توشی هەڵە دەبین".
لەبەشێکی دیكهى قسەکانیدا، کازمی پەیامێکی سیاسیی ئاراستەی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق کردو داوای لێکرد، دوربکەوێتەوە لەمەنتیقی تۆڵەسەندنەوەی سیاسیی، حکومەت نەکاتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێ شەخسییەکان، کار لەسەر بونیادنانی دەوڵەت بکات نەک هەڵوەشاندنەوەی دەستکەوتەکانی پێشوو.
بهگوێرهى زانیارییهكان، ئهوكات حکومەتەکەی کازمی خاوەنی ئەو کۆمپانیایەی بەچەندین تۆمەتی قورس تۆمەتبارکرد، لەوانە، تۆمەتبار کرا بەوەی لەڕێگەی بەرتیلەوە گرێبەستی قۆرخکاریی بۆ دابەشکردنی موچەی خانەنشینانو فەرمانبەران وەرگرتوە، ههروهها گومان هەبوو لەوەی کۆمپانیاکە سودێکی نایاسایی زۆری لەپارەی موچەکانو وەرگرتنی عمولەی زیادە بینیوە، هاوكات گومانی تێوەگلان لەپڕۆسەی گواستنەوەی نایاسایی پارە بۆ دەرەوەی وڵاتو دەشوترا بەرتیلی گەورەی داوەتە بەڕێوەبەری پێشوی فەرمانگەی خانەنشینی (عەلی خەفاف) بۆ ئاسانکردنی کارەکانی.
سهرچاوهكان باس لهوهدهكهن، ئهوكات ڕوداوەکە وەک فیلمێکی پۆلیسی بوه، لەئەیلوولی 2020، لەکاتێکدا دەیویست لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە بەرەو دەرەوەی وڵات بڕوات، لەلایەن هێزێکی تایبەتی سەر بەلیژنەکەی ئەبو ڕەغیف دەستگیرکرا.
لیژنەی 29 كه لهلایهن فەریق (ئەحمەد ئەبو ڕەغیف) سهرۆكایهتى دهكرا، دەسەڵاتێکی ڕەهای هەبوو، دواتر ڕاپۆرتەکان (لەوانە ڕاپۆرتی نەتەوەیەکگرتوەکان) ئاشکرایانکرد کە تۆمەتبارەکان لەژێر ئەشکەنجەی جەستەییو دەرونیی زۆر قورسدا ناچار بەدانپێدانان کراون، زۆرێکیش لەیاساناسان پێیانوابوو، ئەو لیژنەیە دەستوەردانە لەکاروباری دادوەرییو پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، دواتر بەهائەدین عەبدولحوسێن بەچەند ساڵێک زیندانی سزادرا، بەڵام دوای هاتنی حکومەتەکەی سودانی، زۆرێک لەو بڕیارانە هەڵوەشێنرانەوە یان پێداچونەوەیان بۆ کرا.
چاودێرانیش دهڵێن، كاتێكیش کازمی دەڵێت، "مامهڵهیهكى خراپمان کردوە"، هۆكارهكهى بۆ ئهوه دهگهڕێتهوه، دەیەوێت خۆی لەبەرپرسیارێتی ئەو ئەشکەنجەدانو پێشێلکارییانە بدزێتەوە کە لەسەردەمی ئەودا ئەنجامدراون، ههروهها دەزانێت کە حکومەتی ئێستا (زەیدی یان سودانی) بەدواداچون بۆ دۆسیەکانی (لیژنەی 29) دەکەنو دەیانەوێت ئەندامانی ئەو لیژنەیە دادگایی بکەن، دەشیەوێت بڵێت کە نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی فەرمانبەرە بچوکەکان بکات تاوەکو بارقورسییەکە لەسەرشانی خۆی سوک بکات.
خاوەنی کی کارت بەتۆمەتی گەندەڵیو قۆرخکاریی دەستگیرکرا، بەڵام چونکە لەدەرەوەی ڕێکارە ئاساییەکانی دادگاو بەئەشکەنجە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا، ئێستا دۆسیەکە بوەتە خاڵێکی ڕەش بەنێوچەوانی حکومەتەکەی کازمییەوە.
دادگای فیدراڵیی عێراق لەئاداری 2022 بڕیاریدا کە دروستکردنی ئەم لیژنەیە نادەستورییە، ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانو لێکۆڵینەوە ناوخۆییەکانیش سەلماندیان کە لیژنەکە ئەشکەنجەی قورسی بۆ وەرگرتنی دانپێدانان بەکارهێناوە.
محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی پێشوو، ئەبو ڕەغیفی لەهەموو پۆستەکانی دورخستەوە، دادگای عێراقیش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد بەتۆمەتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤو بەکارهێنانی ئەشکەنجە، باس لەوەشدەکرێت، ناوبراو لەدەرەوەی وڵاتە (هەندێک سەرچاوەش دەڵێن لەئیمارات یان ئوردنە)و ناتوانێت بگەڕێتەوە، چونکە چەندین سكاڵای یاسایی لەسەرە.
