شارپرێس:
لەپەرەسەندنێکی سیاسییو ئەمنیی خێرادا لەعێراق، بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بەفەرمی پێکهێنانی لیژنەیەکی ناوەندیی باڵای ڕاگەیاند بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی پچڕاندنی پەیوەندییو جیابونەوەی تەواوەتی لەهێزەکانی حەشدی شەعبی.
ئەم بڕیارە کتوپڕە دوای کۆبونەوەی سەرکردایەتی بزوتنەوەکە دێتو هۆکاری ئەم هەنگاوەش بۆ پشتگیریکردن لەدەسەڵاتی دەوڵەتو جێبەجێکردنی ڕێنماییە فەرمییەکان دەگەڕێننەوە.
بهگوێرهى بەیاننامە فەرمییەکەی بزوتنەوەکە، لیژنەکە لەژێر سەرپەرشتیو سەرۆکایەتی (حاج جەواد تڵێباوی) دەبێتو ئەم ئەرکە سەرەکییانەی پێسپێردراوە، ئەنجامدانی جەردی تەواو بۆ سەرجەم چەکدارەکان، چەکەکان، ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانو کەرەستە لۆجستییەکان، ئامادەکردنی دۆسیە یاساییو کارگێڕییەکان بۆ کۆتایهێنان بەکارەکانیان لەژێر چەتری دەستەی حەشدی شەعبیو ڕێکخستنەوەی هێزەکان بەشێوازێک کە ڕاستەوخۆو بەبێ نێوەندگیر، لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقدابن.
ئەم پێشهاتە نوێیەش لهكاتێكدایه بهیانى ئهمڕۆ شارپرێس لهڕاپۆرتێكى ورددا ئاماژەى بهوهكردبوو، عەسائیبی ئەهلی حەق یەکێک دەبێت لەو پێنج گروپە دیارەی کە دێنەسەر هێڵی جێبەجێکردنی پلانی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک.
چاودێرانیش پێیانوایە، ئەم بڕیارە گۆڕانکارییەکی گەورە لەهاوسەنگیی هێزە چەکدارەکاندا دروستدەکاتو دەبێتە هۆی دروستبونی فشارى زیاتر لەسەر ئەو گروپانەی هێشتا ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن.
