شارپرێس:
ڕۆژنامەی "فاینانشال تایمز" بڵاویکردوهتهوه، ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا تاووتوێی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لەوڵاتانی نوێی نێو هاوپەیمانی ناتۆ دەکات، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانەکانی لەوەی کەمکردنەوەی پشتیوانیی سەربازیی نەریتیی ئەمریکا بەمانای پاشەکشە لەگەرەنتییە ئەمنییەکان نییە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، بەرپرسانی ئەمریکی ئامادەیییان نیشانداوە بۆ فراوانکردنی جێگیرکردنی ئەتۆمی لەدەرەوەی ئەو شهش وڵاتەی ئێستا کە فڕۆکەی هەڵگری چەکی ئەتۆمییان تێدایە، هەرچەندە گفتوگۆکان زۆر نهێنینو هێشتا نەگەیشتونەتە ڕێککەوتنێکی کۆتایی.
ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە، نیگەرانییەکانی ئەوروپا لەسیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی بونی سەربازیی ئەمریکا لەکیشوەرەکەدا زیادیانکردوە.
پێشنیازەکە ڕێگە بەوڵاتانی نوێ دەدات میوانداریی فڕۆکەی خاوەن توانای دولایەنە بکەن بۆ پاراستنی "چەتری ئەتۆمیی"، لەبەرامبەردا داوایان لێدەکرێت پشکی زیاتری خەرجیی بەرگریی نەریتی بگرنە ئەستۆ.
وڵاتانی باڵی ڕۆژهەڵاتی ناتۆ، بەتایبەت پۆڵەنداو دەوڵەتانی باڵتیک، پەرۆشییەکی زۆریان بۆ ئەم بابەتە نیشانداوە، بەتایبەت دوای شەڕی ڕوسیا لەئۆکرانیاو هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ڤلادیمێر پوتن، ئەندرێ دودا، سەرۆکی پێشوی پۆڵەنداش پێشتر داوای بەشداریکردنی وڵاتەکەی لەم دەستپێشخەرییەدا کردبوو.
ئێستا وڵاتانی بەلژیکا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، تورکیاو شانشینی یەکگرتوو لەپرۆگرامی هاوبەشی ئەتۆمی ناتۆدان، بەڵام بڕیاری کۆتایی بەکارهێنانی چەکەکان تەنها لەدەستی واشنتۆندایە.
لەکاتێکدا مارک ڕوتە، ئەمینداری گشتیی ناتۆ جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاستی بەرپەرچدانەوە دەکاتەوە، چەتری ئەتۆمیی ئەمریکا هێشتا وەک پێکهاتەیەکی بێ جێگرەوە لەئاسایشی ئەوروپادا دەمێنێتەوە.
