هاوپەیمانی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بانگەوازێك ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 281 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس:

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێكدا هۆشداری دەدات لە بەڕێخستنی شەپۆلێكی نوێی لەسێدارەدانی بەندكراوە سیاسییەكان لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان.


هاوپەیمانێتییەكە لە راگەیەندراوەكەیدا دەڵێت "تاوان و جینایەتەكانی كۆماری ئیسلامی كە لەم دواییانەدا بە شێوەی سەرسووڕهێنەر زیاتر بوون و شەپۆلی نوێی سەركوت و زەبروزەنگەكان دژی تێكۆشەرانی ئازادیخواز، بەتایبەت لە زیندانەكان بابەتێكی ئاسایی نین و نابێت ڕێگە بدرێت ئاسایی بنوێنن. ئەو لەسێدارەدان و كوشتنە سیاسییانە كوشتاری بەكۆمەڵ و ڕێك‌خراون و بۆ هەمووان ئاشكراشە كە كۆماری ئیسلامی لەسێدارەدان بۆ تۆقاندنی زیاتری كۆمەڵگە و وەك قەڵغانێكیش بۆ مانەوەی پتری خۆیان لە دەسەڵاتدا بە كاردێنن".

هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "سەركوت و لەسێدارەدان لە نێوخۆ و بەردەوامیی مووشەكبارانی حیزبە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا پەرە دەستێنن كە ڕژێم لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و لە شەڕ و ململانێی لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیلدا تووشی شكستی ستراتیژی و كەلێنی ئەمنییەتیی قووڵ بۆتەوە، بۆیە بە پیشەی پێشووی پەنای بۆ قەیرانخوڵقێنی لە دەرەوەی وڵات و كوشتوبڕ و زەبروزەنگی زیاتر لە نێوخۆی وڵاتدا بردووە. هاوكات بەردەوامیی تاوان و جینایەتەكانی كۆماری ئیسلامی ئەویش لە كاتی ئاگربەستی كاتیی لەگەڵ ئەمریكا و ئیسڕائیلدا بەڵگەی حاشاهەڵنەگرە كە ڕژێم شەڕی خۆی لەگەڵ ئازادیخوازان، ماف‌ویستانی و دژبەرانی نێوخۆیی نەك نەوەستاندووە بەڵكوو هەموو دەرفەتەكان بەتایبەت ئەو ئاگربەستەش بۆ پاكتاوی فیزیكیی نەیارانی بە كاردێنێت".

هاوپەیمانیی هێزە سیاسیەكانی كوردستانی ئێران، داوا لە "ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، پەرلەمانی ئەوروپا و حكومەتە دیموكراتیكەكانیش دەكات بۆ وەستاندنی كۆماری ئیسلامی لە درێژەی تاوان و جینایەتەكانی گوشاری پتر بخەنە سەر كۆماری ئیسلامی و پێوەندییە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ ئەم ڕژێمە ڕابگرن. هەروەها پێویستە پرسی سەركوتی نێوخۆیی لە ئێران و لەسێدارەدان ببێتە باسێكی بنەڕەتی لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان و بڕیاری توند لەدژی ڕژێم بدرێت".