وەزیری دارایی هەرێم زانیاری ورد لەسەر داهاتی ناوخۆو وادەی دابەشكردنی موچە ئاشكرادەكات

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2020 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپریس:

وەزیری دارایی حكومه‌تى هەرێم ڕایدەگەیەنێت، "هیچ مانگێک ناتوانین بەدیاریکراوی وادەی دابەشکردنی موچە دیاریبکەین"، لەبارەی داهاتی ناوخۆوە وتی، "داهاتی پێنج مانگی ئەمساڵ گەیشتوەتە 632 ملیار دینار".


ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕوداو ڕایگەیاند، "کێشەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا سیاسییە، چەندینجاریش لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتوین، بەڵام ئه‌وان پابەندنەبون".

به‌وته‌ى وەزیری دارایی، "بەگوێرەی سەرژمێریی، مافی خۆمانە داوای لەسەدا 14ی بودجه‌ى عێراق بکەین، لەعێراق سەرقاڵی ئامادەکردنی بودجەی 2026ن، بەڵام قورسە فریابکەون".

ئاوات شێخ جەناب لەبارەی چونیان بۆ بەغدا وتى، "لەکاتی پێویستدا سەردانی بەغدا دەکەین، واته‌ هه‌ركات پێویست بكات".

وەک وەزیری دارایی باسی لێوەکرد، "بەغدا پێیوایە دەبێت 50%ى داهاتی هەموو سەرچاوە داراییەکان لەهەرێم وەربگرێت، لەبارەی داهاتی نانەوتی پێنج مانگی 2026وە لەدەستپێکی ساڵ‌و لەمانگی یەک، داهاتی ناوخۆ 150 ملیار دینار بوە، پاشان لەمانگی دوو زیادیکردەو گەیشتوەتە 180 ملیار دینار کە ئەمەش بەرزترین رێژەی داهاتە لەمساڵدا".

ئه‌وه‌شى وت، "مانگی سێ داهاتەکە دابەزیوە بۆ 86 ملیار دینار کە کەمترین داهاتی تۆمارکراوی پێنج مانگی ڕابردوە، بەڵام دواتر لەمانگی چواردا داهاتەکە دوبارە زیادیکردوە، بۆ 106 ملیار دینارو لەمانگی پێنجیشدا، بەردەوام بوە لەبەرزبونەوەو گەیشتوەتە 110 ملیار دینار".

لەبارەی موچەی مانگى شەشه‌وه‌ وەزیری دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەكرد، "قاسەی هەرێم پارەی تێدانییە بۆیە بۆ موچە، چاوەڕێی بەغدا دەبین‌و بەغدا نەوت‌و داهاتی نانەوتی لێسەندوین، ئێستا هەموى لای ئەوانە، بۆیە دڵنیا نین مانگی داهاتوو، موچه لەکاتی خۆیدا دێت یاخود نا".