مەسرور بارزانی داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 346 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی حكومەتی هەرێم داوا دەكات پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوەو ڕایدەگەیەنێت، پێویستە بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتاییهێنان بەچەقبەستویی پرۆسەی سیاسی هەنگاو بنرێت.


مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لەگەڵ پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لەعێراق كۆبوەوەو ڕایگەیاند، پێویستە پەرلەمانی کوردستان  كارابكرێتەوەو بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان بەهەستێکی بەرپرسیارانەو کۆتاییهێنان بەچەقبەستویی پرۆسەی سیاسی لەهەرێمی کوردستان هەنگاو بنرێت.

هەروەها سەبارەت بەناوەڕۆكی كۆبونەوەكە حكومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردوە، جەخت لەبەهێزترکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی هەرێمی کوردستان و فه‌ره‌نسا لەبوارە جۆراوجۆرەکاندا كراوەتەوەو  دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کراوەو بیروڕاش لەبارەی گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاڵوگۆڕ کرا".

هاوكات، گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی پشتیوانیکردنی حکومەتی فیدراڵ کراوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە ئەمنی و ئابوری و داراییەکان.