حكومەتی توركیا پڕۆژەیەكى نوێ بۆ پرۆسەی ئاشتی ئامادەدەكات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 293 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حكومەتی توركیا ئاشكرایدەكات، كەسەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی نوێیە بۆ چوارچێوەیەكی یاسایی و دەستوری بۆ پرۆسەی ئاشتی لەوڵاتەكەو بڕیاریشە لەمانگی تەموزدا ئامادەبكرێت.


ڕۆژنامەی "تورکیا"ـی نزیک لەدەسەڵاتی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، حکومەتی تورکیا سەرقاڵی ئامادەکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی نوێیە کە لە 8 بۆ 9 ماددە پێکدێت، بەئامانجی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لەژێر ناوی پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر"، چاوەڕوان دەکرێت ئەم پڕۆژەیاسایە پێش 15ـی تەمموزو پێش دەستپێکردنی پشووی هاوینەی پەرلەمان، پێشکەش بکرێت.

ڕۆژنامەكە لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، پڕۆژەیاساکە بارودۆخی یاسایی ئەو کەسانە رێکدەخات کەچەک دادەنێن و  بڕیارە مۆڵەتی یەک ساڵ بدرێتە ئەندامانی پەکەکە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ تورکیاو لەم یاسایە سودمەند بن.

 

هەروەها ڕۆژنامەكە ئاشکراشیکردوە، بەگوێرەی یاسا نوێیەکە، ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ قەدەغەی کاری سیاسییان دەخرێتە سەرو لەژێر چاودێریی توندی دادوەریدا دەبن.

ڕۆژنامەکە ئاشکراشیکردوە، کە پێش جەژن شاندە ئەمنییەکانی تورکیا لەئیمرالی و قەندیل گفتوگۆیان کردوەو پەکەکە نەخشەڕێگەو خشتەیەکی کاتی بۆ پرۆسەکە پێشکەش کردوە، لەئێستاشدا حکومەت و ئاکپارتی لەقۆناغی هەڵسەنگاندنی کۆتاییدان بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساکە ڕەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکەن.