شارپرێس:
بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی عەرەبییەی سعوودی کە پشتی بە سەرچاوەی ئاگادار بەستووە، ئاشکرای کردووە کە هەردوو کۆمپانیای ئێرانی "مەپنا" (سەر بە سوپای پاسداران) و "تاڤانیر" لە ڕێگەی کۆمپانیا لاوەکییەکانی عێراقەوە، گرێبەستی گەورەیان لە وەزارەتەکانی کارەبا و نەوتی عێراق بەدەستهێناوە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە قەبارەی گرێبەستەکانی وەزارەتی کارەبا لە چەند پارێزگایەک 3 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، کە وێستگەکانی بەرهەمهێنان و کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی داهات دەگرێتەوە، لە وەزارەتی نەوتیشدا گرنگترین گرێبەستیان کارپێکردنی پاڵاوگەی کەربەلایە.
هەروەها ئەم کۆمپانیایانە کە پەیوەندییان لەگەڵ چەند بانکێکی عێراقیدا هەیە، گرێبەستی بەڵێندەرایەتییان بۆ دروستکردنی دامەزراوە حکومییەکان پێدراوە.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک کوتلە و کەسایەتی سیاسیی لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژەی ساڵی 2025 و شەڕەکانی دواییدا، زیاتر لە 1 ملیار دۆلاری نەختییان لە ڕێگەی وشکانییەوە بۆ ئێران قاچاخ کردووە، یان ڕاستەوخۆ ڕادەستی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسیان کردووە لە سەردانەکانیدا بۆ عێراق.
لە بەرامبەردا، بانکی بازرگانیی عێراق بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە دەستی بەسەر پتر لە 1 ملیار دۆلاری ئێراندا گرتووە.
ئەوەش هاتووە: ئەم دەستوەردانانەی ئێران بۆتە هۆی نیگەرانی قووڵی واشنتۆن، بە شێوەیەک کە داوای ڕێگری لە بەشداریکردنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران لە حکومەتەکەی عەلی زەیدی کردووە، هاوکات ئەمریکا پێدانی نەختی داهاتی نەوتی عێراق و هاوکارییە ئەمنییەکانی هەڵپەساردووە.