شارپرێس:
لەپێشھاتێکی گرنگدا بۆ پاراستنی مافی شۆفێرانو
چەسپاندنی شەفافییەت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عێراق بڕیارێکی نوێو توندی دەرکرد،
فەریق عودەی سەمیر بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆ-ش ڕایگەیاند، سەرجەم مەفرەزەکان
ناچارکراون دەستبەجێو لەکاتی تۆمارکردنی هەر سزایەکدا، وێنە یان ڤیدیۆی سەرپێچییەکە
بگرن بۆ ئەوەی ببێتە بەڵگەیەکی دیجیتاڵی حاشاهەڵنەگر.
فەریق عودەی سەمیر بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆى
عێراق وتویهتى، "وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستی فەرمی واژۆکردوە بۆ کڕینی کامێرای
جەستەیی (البدن) بۆ ئەفسەرو کارمەندانی هاتوچۆ تا تەواوی مامەڵەو سەرپێچییەکانی پێ
تۆماربکەن، لەکۆتایی هەر شەفتێکی دەوامدا، دەبێت تەواوی میمۆرییو زانیاریی کامێراکان
بخرێنە ناو سێرڤەرێکی سەرەکی لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ، تا لەکاتی ناڕەزایەتی شۆفێراندا
وەک بەڵگەی کۆتایی بەکاربهێندرێن، لهگهڵ ئهمانهشدا هێشتا لێبوردەییو نەرمی هەیە
لەمامەڵەکردن لەگەڵ سەرپێچییە زۆر بچوکەکاندا".
دوای نزیکەی ساڵێک لەهەڵمەتی هۆشیارکردنەوەو
تاقیکردنەوەی کامێراو ڕادارە زیرەکەکان لەپێنج ڕێگهى سەرەکی بەغدا، بڕیارە لەڕۆژى
یهكى تەمموزی داهاتوەوە واته (1ى 7ى 2026) سیستەمەکە بەشێوەیەکی فەرمیو سەرتاسەری
بخرێتەگەڕ.
بەڕێوەبەری گشتیى هاتوچۆى عێراقیش ستایشی
ئاستبەرزیی پابەندبونی هاوڵاتیانی کردوه کە تەنانەت پێش کاراکردنی فەرمی سیستەمەکەش،
دەستیانکردوە بەبەستنی پشتێنی سەلامەتیو ڕێزگرتن لەهێماکانی هاتوچۆ.
