شارپرێس:
لەپێشهاتێکی ئەمنیی باڵادا، وتەبێژی فەرماندەی
گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق پەیامێکی ڕونو توندی ئاراستەی سەرجەم لایەنەکان
کردو ڕایگەیاند، کۆنترۆڵکردنی چەکو هێشتنەوەی تەنها لەدەستی دەوڵەتدا هێڵی سورەو
هیچ سازشێکی سیاسی لەسەرناکرێت، دهشڵێت، "ئەم بڕیارە ڕاگەیاندنی جەنگێکە دژ
بەدیاردەی چەکداری نایاسایی کە ساڵانێکە هەڕەشە لەسەقامگیریی وڵات دەکات".
سهباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە
چەکدارەکانی عێراق ئاشكرایكردوه، "ئەم پلانە ئەمنییە نوێیە ڕاستەوخۆ دەست لەسەر
برینە هەستیارەکان دادەنێتو بەهاوئاهەنگی چڕ لەنێوان حکومەتی ناوەندییو هەرێمی
کوردستان جێبەجێدەکرێت".
وتوشیهتى، "هێزە ئەمنییە هاوبەشەکان دەخرێنە
ئامادەباشییەوە بۆ پاراستنی سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان لەهەر هەڕەشەیەکی چەکداریی دەرەکی
یان ناوخۆیی، لهگهڵ ڕاوەدونانو تێکشکاندنی ئەو تاقمو باندانەی چەکی نایاسایی بۆ
قاچاخچێتی، بازرگانی، یان تێکدانی ئاسایش بەکاردەهێنن، بڕیاریشدراوه بهکۆکردنەوەی
چەکە قورسو مامناوەندەکان لەدەرەوەی چوارچێوەی هێزە فەرمییەکانو ڕوبەڕوبونەوەی زۆر
توندى سەرپێچیکاران".
نوعمان جهختدهكاتهوه، "فەرماندەیی
گشتیی جەختیکردوەتەوە، ئاسایشی نیشتمانیو پاراستنی دەستکەوتە ئابورییەکان ناکرێت
بخرێنە ناو هیچ ململانێیەکی سیاسییەوە، یەکخستنی تەواوی هەوڵە ئەمنییەکانی نێوان بەغداو
هەولێریش لەم قۆناغەدا، گەورەترین زامنی پاراستنی کۆمەڵگەیە لەتوندوتیژییو پشێوییو
پەیامێکی بەهێزیشە بۆ کۆمپانیاو وەبەرهێنەرە بیانییەکان کە ژینگەی عێراق چیدیکە لەژێر
ڕەحمەتی چەکی بێ مۆڵەتدا نییە".
