شارپرێس:
وەزیری بەرگری ئیسرائیل هێڵە سورەکانی وڵاتهكهى لەلوبنان دیاریدەکاتو جەخت لەمانەوەی سوپاكهى لەناوچە ئەمنییەکان دەکاتەوەو دەڵێت، "هیچ سنوردارکردنێک لەسەر ئازادی جوڵەی سەربازەکانمان نییە".
ئیسرائیل کاتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لەو ناوچە ئەمنییانەی کە لەباشوری لوبنان کۆنترۆڵیکردون ناکشێتەوەو جەختدهكاتهوه، "هیچ سنوردارکردنێک لەسەر ئازادی جوڵەی هێزەکانی ئیسرائیل لەناوچەکەدا بونى نییە".
کاتس لەتویتێکدا لەسەر سەکۆی "ئێکس" نوسیویەتی، "دوێنێ لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی سوپاو فەرماندەی ناوچەی باکورو فەرماندەکانی بەشە سەربازییەکان کۆبومەوەو ڕێنمایی ڕونم پێدان کە هیچ سنوردارکردنێک لەسەر ئازادی جوڵەی سوپا نییە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەلوبنان".
وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، فەرمانی بەسوپا کردوە بەتوندییو بەهێزەوە، وەڵامی هەر پێشێلکارییەک بدەنەوە کە لەلایەن حزبوڵڵاوە ئەنجامبدرێتو ڕێگەیان پێنەدرێت بچنە ناو ئەو گوندانەی نزیک سنورن.
کاتس لەدرێژەی پهیامهكهیدا ئهوهشى نوسیوه، "هێزەکانی سوپا لەو هێڵو پێگانەدا دەمێننەوە کە لەناوچە ئەمنییەکاندا لێى جێگیربونو هیچ کشانەوەیەکیش نابێت تائەوکاتەی دڵنیایی تەواو دەبێت لەجێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەستو گەڕانەوەی ئارامیى بۆ دانیشتوانی باکوری ئیسرائیل".
ئەم لێدوانانەی کاتس لەکاتێکدا دێن کە چەندین ڕاپۆرت باس لەبونی پێشێلکاریی جۆراوجۆر دەکەن لەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە لەنێوان ئیسرائیلو حزبوڵڵا لەباشوری لوبنان.
