باڵندەی سکرتێر.. ئه‌و باڵنده‌یه‌ى گورگ‌و بازیش لێى ده‌ترسن

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1767 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

باڵندەی سکرتێر؛ ڕاوکەرە سەربەرزەکەی دەشتەکانی ئەفریقیا کە بەشەقە کوشندەکانی مارە ژەهراویی‌و گورگ‌و به‌رازه‌كان لەجوڵه‌ ده‌خات‌و له‌ناویان ده‌بات، ئێستا بەهۆی وێرانکارییەکانی مرۆڤەوە خاکەکەی لەدەستدەدات‌و بەرەو نەمان‌و قڕبونی یەکجاریی هەنگاو دەنێت.


باڵندەی سکرتێر (یاخود باڵندەی نوسەر یان شاژنى ساڤانا) کە بەشاژنی سەربەرزی دەشتە چیمەنتۆییەکانی ئەفریقیاو لەسودان بە"بازە نێچیرگرەکەی نێو ئاسکان" ناسراوە، ڕوبەڕوی کۆچێکی بێگەڕانەوە دەبێتەوە، ئەم باڵندە ناوازەیەی کە هێمای شکۆو سەروەریی نیشتمانیی دوو دەوڵەتی گەورەی ئەفریقیایە، ئێستا لەژێر چەپۆکی ڕەشی مرۆڤدا خاک‌و ژینگەی لێ زەوتدەکرێت.

به‌گوێره‌ى دوایین ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت (IUCN)، ئەم شاژنە چیدیکە ئارام نییەو ناوی خراوەتە نێو لیستی ئەو بونەوەرانەی کە لەژێر مەترسییەکی گه‌وره‌ى لەناوچوندان.

ئەم بازە درێژپێیە (کە باڵای دەگاتە نزیکەی مەترو نیوێک)، تەنها باڵندەیەکی ڕاوکەر نییە، بەڵکو قەڵغانێکی ژینگەیی زیندوە، بەلێهاتوییەکی بێوێنەو بەبێ ترس هێرشدەکاتەسەر مارە ژەهراوییەکان‌و بەباڵە گەورەکانی گورزیان لێدەدات‌و بەچنگە بەهێزەکانی ئەوەندە دەیکێشێت بەزەویدا تا دەیانکوژێت، هه‌روه‌ها به‌هاوڕێی جوتیاران ناسراوه‌، چونكه‌ کێڵگەو دەشتەکان لەدەستدرێژی مشک، قڕکەرەکان‌و مێروە زیانبەخشەکان پاکدەکاتەوە، له‌هه‌مویشى سه‌رنجڕاكێشتر دایکایەتییەکی بێوێنە بۆ بێچوه‌كانى ده‌كات، چونكه‌ ئەمە تەنها باڵندەیە لەتەواوی جیهاندا کە بەڕشانەوەی ڕاستەوخۆ، ئاوو خۆراک بۆ ناو دەمی بێچوەکانی ده‌گوازێته‌وه‌و ژیانیان پێدەبەخشێت.

گورگ وه‌ك ئاژه‌ڵێكى دڕنده‌و هه‌روه‌ها به‌راز-یش ناتوانن له‌ده‌ستى شاژنى ساڤانا ڕزگاریان بێت، كاتێك لێى نزیكده‌بنه‌وه‌ به‌ئامانجى ڕاوكردنى، له‌ماوه‌یه‌كى زۆر كه‌مداو به‌هۆى قاچه‌ درێژو په‌نجه‌ تیژه‌كانیه‌وه‌ كه‌ هه‌ردوو قاچى به‌كارده‌هێنێت، ئه‌و دڕه‌ندانه‌ى پێیانوایه‌ ده‌توانن بیكه‌نه‌ نێچیرى ژه‌مێك، كاره‌كه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌ شاژن ده‌یانكاته‌ نێچیرو له‌ناویان ده‌بات.

شکۆمەندیی ئەم باڵندەیە وایکردوە ببێتە مۆری ناسنامەی گەلان، لەسودان بوەتە دروشمی فەرمی دەوڵەت؛ وێنەی ئەم باڵندەیە بەباڵی کراوەوە لەسەر ئاڵای سەرۆک کۆمار، مۆرە حکومییەکان‌و نیشانە سەربازییەکان دەبرسکێتەوە، لەباشوری ئەفریقیاش، به‌ڕەمزی هۆشیاریی، هێزو ڕاپەڕینی نوێی گەل پێناسه‌ ده‌كرێت‌و لەسەر ئاستی جیهانیش وەک ڕێزێک بۆ جوانییەکەی، وێنەکەی لەسەر زیاتر لە 65 پۆستەری گەشتیاریی‌و پولی پۆستەی 30 وڵاتی جیهاندا نەخشێنراوە.

به‌هۆى ئه‌وه‌ى دایكیان له‌گه‌ڕانه‌ بۆ په‌یداكردنى خواردن بۆیان، بێچوەکانی ئەم باڵندەیە لەسروشتدا دەبنە نێچیری قەلەڕەش‌و بازە ڕاوکەرەکان، بەڵام مەترسییە هەرە گەورەکە وه‌كو ڕاپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان باسیده‌كه‌ن چڵێسیی مرۆڤە، له‌به‌رئه‌وه‌ى دیاردەی سامناکی به‌بیابانیبون کە بەهۆی بڕینەوەی بێبەزەییانەی دارەکان‌و تێکدانی دەشتەکان لەلایەن مرۆڤەوە دروستبوە وایکردوە، شوێنی هێلانەکردنی ئەم باڵندەیە لەسەر دارە دڕکاوییە بەرزەکان بەرەو نەمان بچێت، مرۆڤ بەناوی ئاوەدانییەوە، نیشتمانی ئەم باڵندە ئازادەی کردوەتە خۆڵەمێش.

هەرچەندە ئەم باڵندەیە لەساڵی 1968وه‌ خراوەتە ناو پەیماننامەی ئەفریقیا بۆ پاراستنی سروشت، بەڵام بەردەوامبونی تاوانەکانی مرۆڤ دژ بەژینگە هێشتا کۆتایی نەهاتوە، ئەگەر جیهان لەم خەوە غەفڵەتە بەئاگا نەیەتەوە، ئه‌وا هۆشداریده‌درێت لەداهاتویەکی نزیکدا ئەم باڵندە سەربەرزو دڵسۆزەی سروشت، چیدی لەئاسمان نابینرێت‌و تەنها وەک یادگارییەک لەسەر کاغەزو ئاڵا فەرمییەکاندا دەمێنێتەوە.

بەپەلە