مەترسییەك لەسەر عێراق ئاشكرادەكرێت

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1284 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕوانگەی عێراقی سەوز تایبەت بەژینگە ئاشكرایدەكات، نزیکەی چوار هەزارو 800 کیلۆمەتر چوارگۆشە لەخاکی عێراق بەمین و پاشماوەی جەنگ پیس بوەو دەڵێت، بەوەش وڵاتەكە لەپێشەنگی ئەو وڵاتانەیە كە مەترسی مینیان لەسەرە.


ڕوانگەی عێراقی سەوز لەڕاپۆرتێكدا ڕونیكردۆتەوە، ئەم قەیرانە لەدوای جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق-ئێرانەوە دەستی پێکردوەو لەجەنگی دوەمی کەنداو لەساڵی 1991ـەوە بەردەوام بوە، پاشان بەهۆی هێرشەکانی رێکخراوی داعش لەساڵی 2014، کێشەکە لەپارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبارو سەلاحەددین قوڵتر بوەوە، لەکاتێکدا پێشتریش ناوچەکانی بەسرە، میسان، واست و موسەننا بەتەواوی پیس بوو بون.

لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، بەهۆی ئەم پاشماوانەوە، تا ئێستا دەیان هەزار هاوڵاتی عێراقی گیانیان لەدەستداوە یان توشی کەمئەندامی هەمیشەیی بون، کە زۆربەیان منداڵ و شوانکارەن.

ڕوانگەكە ڕاشیگەیاند، ئەم پیسبونە بوەتە هۆی پەککەوتنی تەواوەتی نزیکەی دوو ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی، هەروەها %70ـی زەوییەکانی ئەنبارو نەینەوا کە بەسەبەتەی خۆراکی عێراق دادەنرێن بەهۆی مەترسیی تەقەمەنییەکانەوە چۆڵکراون و شیاوی کشتوکاڵکردن نین.

ڕوانگەی عێراقی سەوز مەزەندە دەکات کە عێراق پێویستی بە 10 بۆ 15 ساڵی تر هەیە بۆ پاککردنەوەی خاکەکەی، ئەمەش بەو مەرجەی بودجەیەکی زەبەلاح لەلایەن حکومەت یان رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دابین بکرێت، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی دۆسیەکەوە، پێدەچێت پڕۆسەکە ماوەیەکی زۆر زیاتریش بخایەنێت.

ڕوانگەکە ڕەخنەی توندی لەبێدەنگیی تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەگرێت و ئاماژە بە بوونی گومانی گەورەی گەندەڵی دەکات لەدۆسیەی پاککردنەوەی زەوییەکاندا لەساڵی 2004ـەوە تا ئێستا.


بەپەلە