شارپرێس:
پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی حزبەکان دەکات، لەبەرامبەردا ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هەمانشێوە دەست بە سەردانیکردنی حزبەکان دەکات و شارپرێس زانیویەتی، وێستگەی یەکەمی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی، کۆمەڵی دادگەرییە.
کاتژمێر 2:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەکات و لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەو حزبە کۆدەبێتەوە.
شارپرێس زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی باس لە هەنگاوەکانی داهاتووی یەکێتی و نەوەی نوێ بەرامبەر دۆخی چەقبەستووی هەرێمی کوردستان دەکات و دواتریش سەردانی حزبەکانی دیکە دەکات.
شارپرێس لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار زانیاریی ئەوەی دەستکەوتووە، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ حزبەکاندا باس لەوە دەکات، هەڵوێستی ئەمڕۆی نەوەی نوێ کە لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە ڕادەگەیەنرێت، هەڵوێستی هاوپەیمانێتیەکەی یەکێتی و نەوەی نوێیە.
لەبەرامبەردا پارتی لە ڕۆژانی داهاتوودا زنجیرەیەک سەردان بۆلای حزبەکان ئەنجامدەدات و بەهەمانشێوە باس لە میکانیزمی تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکات.