میدیای ئیسرائیل لەبارەی ئێرانەوە تۆمەتێکی مەترسیدار ئاراستەی قەتەر دەکات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 782 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی بەڵگەنامەیەکی هەواڵگریی کە لەلایەن دەستەی پەخشی ئیسرائیلی "کان" بڵاوکراوەتەوە، قەتەر هاوکاری ئێرانی کردووە بۆ تێپەڕاندنی سزایە نێودەوڵەتییەکانی سەر تاران لە ڕێگەی کەناڵە جیاوازەکانی ئابووریی، بازرگانی و وزەوە.

 
ئەم بەڵگەنامەیە کە لەلایەن دەزگایەکی هەواڵگری بیانییەوە ئامادەکراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە هاوکارییەکانی نێوان دەوحە و تاران لە ساڵی 2018 بەدواوە، بەتایبەت دوای کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان لە ڕێگەی هێڵە دەریاییە گەشەسەندووەکانەوە زیادی کردووە.

هەروەک بەڵگەنامەکە ئاشکرای دەکات کە قەتەر ڕۆڵی بینیوە لە ئاسانکاریی بۆ ئەو پرۆسانەی پەیوەستن بە پارە سڕکراوەکانی ئێرانەوە، کە بەشێکیان وەک پارەی تێگەیشتنە داراییەکانی پێشووی نێوان تاران و واشنتۆن دادەنرێن و تا ئێستاش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. 

هاوكات باس لە هاوکاریی کەرتی وزە دەکات لەوانەش گۆڕینەوەی کارەبا، لەگەڵ تۆمەتەکانی گواستنەوەی ئەو ماددانەی گومانی بەکارهێنانی دووسەرەیان لێدەکرێت بۆ مەبەستی مەدەنیی و سەربازیی.

لە کۆتاییدا ڕاپۆرتەکە دەڵێت کە ئەگەر ئەم چالاکییانە بسەلمێنرێن، کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر سزاکانی سەر ئێران و هاوسەنگییە ئەمنییەکانی ناوچەکە دەبێت، لەکاتێکدا تا ئێستا لایەنە فەرمییەکانی قەتەر یان ئێران هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر ناوەڕۆکی ئەم ڕاپۆرتە نەداوە.