شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی شیکاریی ڕۆژنامەی "ڤزگلیاد"ی ڕووسی، ئێران توانیویەتی لەبەرانبەر هێرشی ئەمریکادا خۆڕاگر بێت و شتێکی مەحاڵ بەدی بهێنێت، چونکە بۆ یەکەمجار لە دوای شەڕی ڤێتنامەوە، هێرشێکی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە پەکدەخرێت.
ڕۆژنامە رووسییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بە پێچەوانەی وڵاتانی وەک یوغوسلاڤیا، عێراق، لیبیا و ڤەنزوێلا، ئێران توانی سەروەریی خۆی بپارێزێت و ئەمریکاشی ناچار کرد دەستبەرداری پلانەکانی بێت.
ئەوەش هاتووە: بۆ ئێران ئەم ئەنجامە نە سەرکەوتنە و نە شکست، بەڵکو دوای بەرگەگرتنی هێرشەکان، پێگەی مەعنەوی خۆی پاراستووە، بەڵام ئەمریکا بە دۆڕاوی سەرەکیی دادەنرێت سەرەڕای کەمبوونی زیانە گیانییەکانی و کارامەیی هێزەکانی.
لەڕوی تەکتیک و تەکنەلۆژیاوە، شەڕەکە دەریخست کە هەواڵگریی فاکتەری سەرەکیی سەرکەوتنە نەک تەنها هێزی ئاگرین. ئەمریکا و ئیسرائیل گەڕەکە نیشتەجێبووەکانیان وێران نەکرد، بەڵکو خاڵی سەربازیی دیاریکراویان پێکا، ئەمەش گرنگی وەبەرهێنان لە بواری هەواڵگریدا دەسەلمێنێت.
یەکێکی تر لە دەرەنجامەکان ئەوەیە کە سەردەمی سیستمی موشەکیی زەوی بۆ ئاسمان بەرەو کۆتایی دەچێت، بەوپێیەی سەرەڕای ئەوەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل سەدان فڕینیان بەسەر ئاسمانی ئێراندا کرد و ئێران سەدان مووشەکی زەویی بۆ ئاسمانی ئاڕاستە کردن، کەچی تەنها 2 فڕۆکەی ئەمریکی خرانە خوارەوە.
لەکۆتاییدا دەڵێت، لایەنی دەریایی شەڕەکە دەریخست کە کەمیی ژمارەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا ڕێگر بوو لەتوانای ئەو وڵاتە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، ئەمەش دەسەلمێنێت کە هێزی دەریایی بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتن دەبێت زۆر گەورەتر بێت.